گردبوونەوەی نارەزایی فەرهەنگیان : کرماشان و ورمێ ش هاودەنگ دەگەڵ سنە

KMMK:

پێنج شەممە ۲۵ ڕێبەندانی ۱۳۹۷ هەتاوی ، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قووتابخانەکان‌ی شارەکانی کرماشان و ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی مووچە و هەر وەها ناڕەزایی دەربڕین لە سەر بارودۆخی ئیش ‌ی خۆیان و بێکاری و نەدانی مووچە و … گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی‌ دەربڕینیان پێک هێنا و هاودەنگ دەگەڵ مامۆستایانی شاری سنە خوازیاری ماف و مووچەی خۆیانن.

مامۆستایانی ئەو دوو شارەش هەروەها بەو پلاکارتانەی بەدستیانەوە گرتووە خوازیاری ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی ، هەبوونی پەروەردی بەخۆڕایی بۆ هەموو کەس و لابردنی قووتابخانە تایبەتەکان و بێکاری لە ڕادەبەدەری گەنجان و لابردنی ئەو پرۆسانەی دەبنە هۆکارێ بێکاری و لە ناو چوونی هەلی ئیش و کار.

جێی بیرهێنانەوەیە کە تا ئێستا زۆرجاران دەیان مامۆستای قوتابخانە لە لایان کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و سزای قورسیان بەسەرداسەپێنراوە ، کە ناسیاوترین مامۆستای دەسبەسەرکراو فەرزاد کەمانگەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا جێبەجێ کرا.

لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردەی بەخۆڕایی تا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی ، ئەوە وەک ماف لە یاسای بنەڕەتی ئێرانیش دا هاتووە و دانی پێدانراوە، بەڵام وەک زۆر یاسای بێ کردەوە دواخراوە و کاری بۆ نەکراوە.
ئەوە لە کاتێک دایە کە مناڵان و ئەندامانی بنەماڵەی کاربەدەستانی ئێران لە باشترین قووتابخانە و زانکۆکانی هەندەران خەریکی خوێندنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان