مەحکووم کردنی هاوڵاتییەکی کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامییەوە بە ۷ساڵ زیندان

kmmk:

ڕۆژی ۳۰ی بەفرانباری ۱۳۹۷ی هەتاوی زیندانییەکی کورد بەناوی محەممەد نیایش ٤۸ ساڵ تەمەن کوڕی محەممەد کەریم خەڵکی گوندی قەمتەرەی سەربە پیرانشار بەتۆمەتگەلی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکان لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەشاری ورمێ بە ۷ساڵ زیندان مەحکووم کراو حوکمەکەی لەم ڕێکەوتە لە زیندانی ورمێ پێ ڕاگەیەندرا.
ناوبراو ڕۆژی سێ شەممە ۸یڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەتۆمەتی ” هاریکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئوپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” لەلایەن پاراستنی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە گوازراوە بۆ گرتووخانەی ئەم دامەزراوە ئیتلاعاتییە لە شاری ورمێ و ڕۆژی سێ شەممە ۹ی گەلاوێژی ئەمساڵیش بۆ تەواو کردنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە گوازرابوویەوە بۆ ئیتلاعاتی سپا لە شاری پیرانشار وپاش تێپەڕاندنی قۆناغی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە لەم دامەزراوەدا گوازرایەوە بۆ زیندان لە شاری ورمێ و لە دەستڕاگەیشنن بە پارێزەر کەبەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ ، یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر زیندانییەکە، بێبەری کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان