قۆڵپێچکردنی کۆڵبەران و دەسبەسەرداگرتنی کەل و پەلەکانیان لە کرماشان و سەردەشت

KMMK

چوارشەممە ۵ بەفرانباری ۱۳۹۷ هەتاوی لە سەر سنووری بەیتۆش دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بارەکانیان لێ داگیر کرا و چەند کەسێکیشیان دەسبەسەر کران.

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە چەند رۆژی دووایی بەدەستمان گەیشتووە، لە ناوچەی سنووری سەلاس باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان کۆڵبەرێک بەناوی عەلی حەسەن کاکەوەیسی و کۆڵبەرێکی تر بەناوی محەممەد وەیسی لە ناوچەی سنووری سەردەشت دەسبەسەر کراون.

جێگای ئاماژە پێکردنە کە، ساڵانێکی زۆرە لە لایان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێرش دەکرێتە سەر کۆڵبەران و کۆڵ و بارەکانیان دەستی بەسەردادەگیرێ و زۆر جاران دەکەونە بەر هێرشی راستەوخۆی گول لەی ئەو هێزانە، ئەوە لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئەو بەشە لە کوردستان لە باروودۆخێکی زۆر هەژار دا دەژین و هیچ هەلێک بۆ کارکردن لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی نەرەخساوە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان