kmmk:
ڕۆژی دووشەممە ۳ی بەفرانباری ۱۳۹۷ی هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد بەناوی فەرشاد میرزایی کوڕی ئەسەد خەڵکی گوندی بلسووری خواروو سەربە شاری خۆی لەپارێزگای ورمێ کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وبەگرانی بریندار بوو.
بەگوێرەی هەواڵەکە کە کۆڵبەر نیووز پشتڕاستی کردۆتەوە، فیشەک بەر ڕانی کەوتووە و لەبەر گرانی برینەکەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری وان لە باکووری کوردستان وهەنووکە لەبن چارەسەری پزیشکیدایە.
هێرش بۆسەر کۆڵبەران وکاسبکاران تا ئەو ئاستە زیادی کردوە کە تەنیا لە سێ ڕۆژی یەکەمی بەفرانباردا ۶ کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ئێران برینداربوون.
بەپێی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە دەسپێکی ساڵی ۲۰۱۸ی زایینی تا ئێستە ۱۰۴ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون و ۶۴ کۆڵبەریش گیانیان لە دەست داوە ،کەسەرجەم ۱۶۸ کۆڵبەر بەهۆی تەقە ودەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران خەساریان بەرکەوتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان