kmmk: سەعید شیرزاد بەندکراوی سیاسی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بەهۆی ئێشی گرانی گورچیلەکانی ماوەی پتر لە ساڵێکە ئازار دەچێژێ. ئەم بەندکراوە لەماوەی یەکساڵی ڕابردوو بەهۆی ئازاری گورچیلە چەنددین جار سەردانی بێهداری زیندانی کردووە و بێهداری زیندانیش چەندد ین جار بۆچارەسەری ناوبراو داوای لە دادستانی کردووە کە ئەم زیندانییە پێویستە بگوازرێتە دەرەوەی زیندان بۆچارەسەری؛ بەڵام لەلایەن دادستانییەوە وڵامی ئەرێنی نەدرابوویەوە.
دەسپێکی ئەم حەوتوویە دوابەدوای ئازاری زۆری گورچیلەکانی، ئەم زیندانییە سیاسییە بەشێۆەی ئوژانسی گوازرایەوە بۆ دەرەوەی زیندان. پاش جێبەجێکردنی سونوگرافی دەرکەوت کە گورچیلەی ڕاستی ئەم زیندانییە ۸ سەنتی مەتر بچووک بوویەتەوە وگورچیلەی چەپیشی کیستی هەیە.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی کوردهاوینی ئەمساڵ بەهۆی ئازاری زۆر ودیسکی کەمەر سەردانی بێهداری زیندانی کردبوو. سەرەڕای جەختی بێهداری زیندان بۆ چارەسەری ناوبراو، بەڵام دادستانی لەمەڕ گواستنەوە و چارەسەری ناوبراو لە دەرەوەی زیندان وڵامی ئەرێنی نەدابوو.
سەعید شیرزاد بەندکراوی سیاسی کورد خەڵکی کرماشان، ۱۲ ی جۆزەردانی ساڵی ۹۳ ی هەتاوی، لە شوێنی کارەکەی لە پاڵاوگەی تەورێز دەسبەسەر و کۆتایی هاوینی ساڵی ۹۴ لەلایەن لقی ۱۵ ی دادگای ئینقلابەوە بە سەرۆکایەتی سەڵەواتی بەتۆمەتی «کۆبوونەوە و ڕێکەوتن بە مەبەستی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی دەسەڵات» بە ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە دۆسیەیەکدا لەساڵی ۹۱ بەساڵێک زیندانی بەشێوەی هەڵپەسێراو مەحکووم کرابوو. ئەم حوکمە دوابەدوای دەرکردنی سزاکەی دیکە، کرا بە تەعزیری و حوکمەکەی بوو بە ۶ ساڵ.
سەعید شیرزادلە کاتی بەسەربردنی حوکمەکەی لەزیندان دوابەدوای ناڕەزایەتی لە هەمبەر گواستنەوەی هاوبەندییەکانی بۆ بەندی تەواو ئەمنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بەنانەوەی دۆسیەی نوێ بە ۶ مانگ حوکمی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


