٦٠٠ زیندانی راگوێزی زیندانی تر کراون، هاوکات ئه‌شکه‌نجه‌ کراون

 

فیدراسیۆنی بنەماڵە و کەسوکارى زیندانییەکان لە تورکیا ڕایگەیاند، بەرپرسانى زیندانەکانى تورکیا لە ماوەى سێ مانگى ڕابردوودا ٦٠٠ زیندانیان لە گرتوخانەیەکەوە بۆ گرتووخانەیەکى تر دوورخستووەتەوە. زۆربەى زیندانییە دوورخراوەکانیش ئەشکەنجە کراون و لە مافەکانیان بێبەشکراون.

ئەمڕۆ ٢٣ى ئایاری ٢٠١٦ فیدراسیۆى بنەماڵە و کەسوکارى زیندانییەکان لە تورکیا (توهاد – فێد TUHAD-FED) ڕاپۆرتى سێ مانگى ڕابردووى لە بارودۆخى زیندانییەکان لە تورکیا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێشێلکردنى مافى زیندانییەکان لە کوردستان و تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ دۆخى کودەتاى ١٢ى ئەیلولى ١٩٨٠ى جەنەڕاڵ کەنعان ئەڤرەن. کۆمه‌له‌ی مافی مرۆڤی کوردستان گوزارشێک که‌ ناوه‌ندی هه‌واڵی NRT له‌م باره‌وه‌ بڵاوی کردۆته‌وه‌، وه‌کوو خۆیی بڵاو ده‌کاته‌وه‌

لە ڕاپۆرتەکەى توهاد – فێددا ئەوەش خراوەتەڕوو، گوشار و پێشێلکارى بەرامبەر بە زیندانیان، بەشێوەى “خستنە ژوورى تاکە کەسی، دوورخستنەوەیان لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکیتر، بێبەشکردنیان لە میدیا، ڕووتکردنەوە و پشکنینیان، ڕێگا نەدان بە چارەسەرکردنی پزیشکی، بێبەشکردنیان لە مافى چاوپێکەوتن و سەردان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستادا لە گرتووخانەکانى تورکیادا لە دژى زیندانییەکان پەیڕەو دەکرێت”.

بەپێى ڕاپۆرتەکەى توهاد – فێد ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە سێ مانگى ڕابردوودا ٦٠٠ زیندانى دوورخراونەتەوە. “ئەو زیندانیانەى کە دوورخراونەتەوە ئەشکەنجەش کراون، سوکایەتییان پێکراوە و لە کاتى گەیشتنیان بۆ گرتووخانەیەکى دیکە ڕووتکراونەتەوە و پشکێنراون. هەر زیندانییەکیش ئەوە قبوڵ نەکات بە ناوى تێکدانى ئارامییەوە ئەشکەنجە دەکرێت. دەستیش بەسەر کەلوپەلە تایبەتیەکانیاندا گیراوە. ڕۆژنامە و کتێب و بەتانیشیان پێ نادەن”.

لەو ڕاپۆرتەدا باسى ئەوەشکراوە “ئەو زیندانیانەى دووخراونەتەوە ڕێگرییان لێدەکرێت پارێزەر ببینن. مافى ئەوەیان لێ زەوتکراوە، کە بە زمانى دایک قسە بکەن. ڕووبەڕووى گوشارى بەرپرسانى سەربازیش دەبنەوە. هەروەها مافى ئەوەیان نییە چارەسەرى پزیشکى وەربگرن. کاتێکش دۆخى تەندروستیى زیندانییەکان زۆر خراپ دەبێت بە خێرایى دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و لە نەخۆشخانەش بەخێراى دەیانگەڕێننەوە بۆ زیندان. ئەو جۆرە نزیکبوونەوانەش نزیکبوونەوەکانى سەردەمى کودەتاى سەربازیى ١٢ى ئەیلولی ١٩٨٠یە بە سەرۆکایەتیى کەنعان ئەڤرەن کە بەرامبەر بە زیندانییەکان ئەنجام دراوە”.

لە کۆتایى ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە “ئەو زیندانیانە دوورخستنەوەکەشیان لە کاتێکدا ڕوویداوە کە پێشتر لە بڕیارى دوورخستنەوەیان ئاگادار نەکراونەتەوە”.

بەپێى سەرچاوە میدیاییەکان لە تورکیا زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس زیندانین و لە ژمارەیەش نزیکەى ١٠ هەزاریان زیندانیى سیاسیى کوردن، کە زۆربەیان لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى کەجەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیرکراون.

توهاد – فێد لە دواى کودەتاى سەربازیى ١٢ى ئەیلولى ١٩٨٠ دامەزراوە و داکۆکى لە مافى زیندانییەکان و کەسوکارى زیندانییەکان لە باکوورى کوردستان و تورکیا دەکات.