لێدوانهەواڵەکان

کاتی بێریی: پەسەندکردنى پرۆژە یاساى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندى لە پەرلەمانتاران هەڵەیەکى مێژووییە

لە چوارچێوەى کاردانەوەکان لە دژى لێسەندنەوەى پارێزبەندى لە پەرلەمانتارانى تورکیا، کاتی پیری بەرپرسى دۆسیەى تورکیا لە پەرلەمانى ئەوروپا  ٢٠ی ئایاری ٢٠١٦ ڕایگەیاند: تورکیا بە پەسەندکردنى پرۆژە یاساى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندى لە پەرلەمانتاران هەڵەیەکى مێژوویی کرد.
ناوەندی راگەیاندی NRT بە سەرچاوە گرتنی ئاژانسى هەواڵی دۆغان ئاماژە دەدات کە کاتى پیریی دەڵێ: “لێسەندنەوەى پارێزبەندى لە پەرلەمانتاران بازدانێکى گەورەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە ستانداردە دیموکراتییەکان”.

ناوەندی هەواڵ و راگەیاندنی NRT لە دڕێژەی ڕاپۆڕتێکی لەم بارەوە ئاماژە دەکات ، لە کاردانەوەیەکى دیکەدا پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیى سوور – سەوز لە پارڵمانی بێڵژیک ڕایانگەیاند، هەدەپە ئیرادەى ملیۆنەها کەسە و هەدەپە تەنها نییە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە لە دواى کۆبوونەوەى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا لەبارەى پەسەندکردنى ئەو پرۆژە یاسایەوە وتى “هیچ یەک لە پەرلەمانتارەکانمان ناچن بۆ وتەدان بە داواکارى گشتیى تورکیا، چونکە ئەوە بە کارێکى ئاسایى نازانین و ئێمە هەر لەم پەرلەمانەدا و لە دەرەوەى ئەم پەرلەمانەش گوشار دەخەینە سەر ئەو بەڕیوەبەرانەى کۆشک کە لە کۆشکدا دانیشتوون. ئێمە ئەوە ئاشکرا دەکەین کە ماف لە لایی کێیە و کێ هەڵە دەکات و زیادەرەوە”.

هەر لەکاردانەوەیەکى تردا لە دژى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان نوێنەرى شارى ئیستانبول لەسەر فراکسیۆنى هەدەپە بە گێڕانەوەى قسەیەکى سەید ڕەزاى دێرسیم، سەرۆکى ڕاپەڕینى ١٩٣٧ – ١٩٣٨ى دێرسیم لە باکوورى کودستان، ڕایگەیاند “ چۆکمان بۆتان دانەداوە، ئیتر با ئەو نیگەرانیەشتان بۆ بمێنێتەوە”.

٢٠ى ئایاری ٢٠١٦ پەرلەمانى تورکیا لە دووەمین دانیشتنیدا بۆ پەسەندکردنى پرۆژە یاساى لێسەندنەوەى پەرلەمانتاران، پەرلەمانتارانی ئاکەپە و مەهەپە و جەهەپە لە پەرلەمانى تورکیا دەنگیان بە پەسەندکردنى پرۆژە یاساى لێسەندنەوەى پارێزبەندیى پەرلەمانتاران دا.

لە کۆى ٥٣٣ پەرلەمانتارى ئامادەبوو لە دانیشتنەکەدا، ٣٧٦ پەرلەمانتار دەنگیان بە پرۆژەکە داوە. بەپێى دەستوورى تورکیا ئەو پرۆژە یاسایە پێویستى بە دەنگى ٣٦٨ پەرلەمانتار بووە.

سەرچاوەکانى هەواڵ لە تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ١٣٨ پەرلەمانتار بە نەخێر دەنگیان بە پرۆژەکە داوە و ١٨ پەرلەمانتاریش بێ لایەن بوون و پەرلەمانتارێکیش دەنگى بە پرۆژەکە نەداوە.

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ٥٩ کورسیى لە پەرلەمانى تورکیادا هەیە و هیچ یەک لە پەرلەمانتارانى هەدەپە دەنگیان بە پرۆژەکە نەداوە.

دانیشتنى یەکەمی پەرلەمانى تورکیا بۆ پەسەندکردنى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندى لە پەرلەمانتاران ڕۆژى ١٧ى ئایاری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو و بەهۆى بەدەستنەهێنانى دەنگى پێویستەوە ئەو دانیشتنە دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ ٢٠ى ئایاری ٢٠١٦.

لە کاتى ئامادەکردنى پرۆژە یاساى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندى لە پەرلەمانتاران، چەند تێکهەڵچوون لە؟نێوان پارڵمانتارانی  هەدەپە و ئاکەپە ڕوویدا، چونکە پەرلەمانتارانى هەدەپە باسى ئەوە دەکەن کە ئامانجى سەرەکیى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندنى و دوورخستنەوەی هەدەپەیە لە پەرلەمان.

ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا داوکارى گشتیی تورکیا ٣٥٤ سکاڵای لە دژى پەرلەمانتارانى هەدەپە تۆمار کردووە. داواکاری گشتیى تورکیا لە کۆى ٥٩ پەرلەمانتارى هەدەپە لە دژی ٥٠ پەرلەمانتاریان سکاڵایى تۆمار کردووە. هەروەها لە کۆى ئەو سکاڵایانەى لە دژى پەرلەمانتارانى هەدەپە تۆمار کراوە، بە تەنها ٧٦ سکاڵایان لە دژى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپەیە. بە پێى ئەو سکاڵایانە زۆبەى پەرلەمانتارانى هەدەپە ڕووبەڕووى سزاى جۆراجۆر دەبنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

Related posts

کوژران و برینداربوونی دوو کرێکار لە دێولان

ڕەزا ئەمجەدی چالاکی مەدەنی و کرێکاری دەسبەسەر کرا

دەستبەسەر کردنی زیاتر لە ۱۰شارۆمەندی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان