کوشتنی شارۆمەندێکی کوردی یارسانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە هەمەدان

KMMK:
سەرچاوە کوردیە یارسانیەکان رایان گەیاندووە، لاوێکی کوردی سەر بە ئایینی یارسان بەناوی رامین حوسەینی ناسراو بە رامین مەشعەشعی دانیشتوی گوندی قوڵقوڵ سەر بە شاری تویسرکان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە هەمەدان لە رۆژی ۳ شەممە ۳ی رەزبەردا کوژراوە.

رامین حوسەینی کوڕەزای نوسرەت مەشعەشعی و لە بنەماڵەی نیزامەدین مەشعەشعی لە گەورە پیاوانی ئایینی یارسانە و لە تایەفەی ئاتەش بەیگین کە تەکیەی بەناوبانگی ئەم بنماڵەیە لە گرێ بانی شاری هەرسین دایە.
سەرچاوەکانی یارسانی دەڵێن، رامین حوسەینی ماوەی هەشت مانگ لەوەو پێش لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە هەرسین بە تۆمەتی “هەوڵ دژ بە ئاسایشی گشتی و پرۆپاگاندا بۆ ئایینی یارسان” دەست بەسەرکراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری هەمەدان گوازراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە: لە جگرافیای سیاسی ئێستەی ئێران ئایینی یارسان و بەهایی ئیزنی چالاکی و رۆشتن بۆ ناوەندە زانکۆیەکانیان نادرێت و مافی دامەزراندنیان نییە بە شێوازێک کە لە هەمو جۆرە مافێکی شارۆمەندی بێ بەرین و لە زۆرینەی کاتدا سزای بەندکردن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت و بە خەست ترین شێواز سەرکوت دەکرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان