kmmk: رۆژی سێ شەممە ۲۷ی خەرمانان، راپۆرتی بەرپرسی گشتی نەتەوە یەک گرتوەکان ” ئانتۆنیۆ گۆترێش” سەبارەت بە هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە ئێران تەقدیمی کۆمکاری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. ئەم راپۆرتە بڕیارە لە ۷۳هەمین دانیشتنی کۆمکاری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە.
لەم راپۆرتەدا لە شێوەگەلی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو، ئەشکەنجە، سێدارە، پێشێلکاری مافی ژنان و کچان و کەمینە ئایینی و گەلانی ژێر دەستەی جۆگرافیای ئێستەی ئێران دەست نیشان کراوە و بەشێک لەم راپۆرتە لە سەر زیندانیانی سیاسی، مدنی و … کوردە.
لەم راپۆرتەدا سەبارەت بە پێشێلکاری مافی شارۆمەندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووە: لە ئاکامی ناڕەزایەتیەکانی ژانویەی ۲۰۱۸، لانی کەم پێنج کەس لە شارۆمەندانی کورد دەست بەسەر کراون و بۆ بەندیخانە ناوەندی و ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شارگەلی وەک تاران ( بەندیخانەی ئەوین)، ئەراک، ئیلام و سنە گواستراونەتەوە و گیانیان لەدەست داوە، بەڵام بەرپرسان وای پیشان دەدەن کە بەشێک لەم دەست بەسەر کراوانە کە گیانیان لەدەست داوە بە تۆمەتی بازەرگانی مادە هۆشبەرەکان و کۆبونەوە و پەیوەندی لەگەڵ گروپە ئپۆزیسیۆنەکان دەست بەسەر کراون، هەمو ئەوانەی مردوون خۆیان کوشتووە. لە درێژەدا هاتووە بە پێچەوانەی راپۆرت و وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت لە لایەن بەرپرسانی سەرەوە؛ ئەوە دەر دەخات کە توند و تیژی و ئەشکەنجە و یاخود دەرخوارد کردنی زۆرەملی مادە هۆشبەرەکان بوەتە هۆی گیان لەدەست دانی ئەم کەسانە. زانیاریگەلێکی زۆر کەم لە لایەن بەرپرسانی دادوەری لەسەر چۆنیەتی گیان لەدەست دانی دەست بەسەر کراوان بڵاو کراوەتەوە و راپۆرتەکان ئەوە دەر دەخەن کە بنەماڵەی هەندێک لە گوژراوان خراونەتە ژێر گوشار تاکو دۆسیەکانی خۆیان نەدەنە میدیاکان و بڕێک لەو بنەماڵانە بە زۆرەملی خراونەتە بەر میدیا و بە شێوەیەک قسە بکەن کە وای دەرخەن کە خۆشەویستەکانیان خۆیان کوشتووە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتوە: لە مانگی ژوئێنی ۲۰۱۷ رامین حوسەین پەناهی بە تۆمەتی ئەندام بون لە یەکێک لە حزبە ناسیۆنالیستیەکانی کوردستانی دژ بە حکومەتی ئێران بە تۆمەتی شەڕێ چەکداری (بەغی) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. سکاڵایەکی تایبەت دەر کرا کە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای ناوبراو کرا لەم سکاڵایەدا لە ئەشکەنجە لە کاتی دەست بەسر بوندا و دادگەیەکی نابەرانبەر باس کراوە. لەدرێژەدا باس کراوە: رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها راپۆرتگەلێکی لەسەر تەندروستی، دەرمان و دۆسیەی زیندانیانی سیاسی کورد لوقمان و زانیار مورادی کە لەساڵی ۲۰۰۹ بە پێی دانپیانانێک کە پاش لێدانی و ئەشکەنجەی زۆر لەوان گیراوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، دەست کەوتووە. زانیاریگەلێک سەبارەت بە هەلومەرجی نالەباری تەندروستی زەینەب جەلالیان وەر گیراوە کە پاش دەست بەسەر کردن لە ساڵی ۲۰۰۷ بە هۆی ئەندام بون لە یەکێک لە حزبە دژبەرەکانی کوردستانی، سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان