کوژرانی کۆڵبەرێک و بریندار بونی دوکۆڵبەری تر بەدەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

KMMK:
سێ شەمە ۲۷ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی لە سەر سنوری چڵدۆران هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەیەک لە کۆڵبەران دەدەنە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دەدات و دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار دەکرێن.

بە گوێرەی راپۆرتەکە: کۆڵبەرێک بەناوی ” نێعمەت شەهبازی حەیدەرانلوو” تەمەن سی ساڵان دانیشتوی گوندی عیسا گولیک سەر بە چاڵدۆران گیانی لەدەست دەدات و هەروەها ئەم کۆڵبەرە لە ژیانی هاوبەشی خۆیدا خاوەن دوو منداڵە، هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوگەلی “محمد حسین نژاد ” و” پەیمان قولی زادە ” بە خەستی بریندار دەکرێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران کۆڵبەرانی کورد کە لە ئاکامی سیاسەتی هەڵاوردەیی و هەژار کردنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رویان لە پیشەی دژوار و مەترسیداری کۆڵبەری کردووە، دەداتە بەر دەستڕێژ و بە بێبەزەیانە لێان دەکوژێت و برینداریان دەکات، هەروەها هیچ لایەێک و ناوەندێکی حکومی بەرپرسیاریەتی ئەم کردەوە ناحەزانە ناگرێتە ئەستۆ و رۆژ لە دوای رۆژ ئەم کردەوانەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەرە دەسێنن و کۆڵبەرانی کورد دەبنە قوربانی بژێوی ژیانی پڕ لە مەینەتی و هەژاری.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان