KMMK:
کۆماری ئیسلامی ئێران سێ گیراوی سیاسی کورد زانیار مورادی، لوقمان مورادی و رامین حۆسێن پەناهی بەرەبەیانی ئەمرۆ لەسێدارە دا.
بەرپرسان و ناوەندە ئەمینیەکانی ئێران خەبەریان داوەتە ماڵیاتە رامین و لەسێدارەدانی رامین یان پێراگەیاندوون.
بەڵام سەبارەت بە زانیار و لوقمان مورادی هێشتا هیچ پێوەندی بە ماڵباتیان نەکراوە و تەنیا خەبەرگۆزاری حکومەتی ئێران”فارس” باسی کردوە.
لەسێدارەدانی ئەو سێ لاوە کوردە لە حاڵێک دایە کە نە لە کاتی لێپرسینەوەیە و نە لە کاتی دادگایی کردن، هیچ رێگە و شوێنێکی یاسایی لەبەر چاو نەگیرا بوو .
زانیار و لوقمان مورادی کە بە ساڵان لە زیندان دابوون، بە سەدان شێوە ئەشکەنجە دران، تەنیا بۆ ئەوەی کە خواست، دوژمنایەتی و خۆسەپاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران بێتە دی.
رامین حۆسێن پەناهی لە کاتێک کە دەستبەسەر کرا، بێ ئەوەی چەکی پێبوبێت، گیرابوو، کە لە خراپترین حاڵەتدا حکومەتی ئێران دەیتوانی زیندانی بکات.
لەسێدارەدانی ئەو سێ لاوە کوردە بەواتای دوژمنایەتی حکومەتی ئێران لە گەڵ گەلی کوردستانە و تەنیا وەبیر هێنانەوەی ئەو بابەتەیە کە گەلی کورد ژێردەستە و دەبێ لە ناو بچێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای شەرمەزار کردنی ئەو تاوانە، داوا لە کۆمەڵگای جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات لێپرسینەوە لە ئێران بکەن و لەسەر ئەو کردەوە دژە مرۆڤیە لێپێچینەوەی لێ بکرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەکات، بە مانگرتن، رێپێووان و هەموو جۆرە ئامرازێکی نارەزایەتی دەربڕین، ئەو تاوانە ی حکومەتی ئێران شەرمەزار کەن.
هاوکات داوا لە ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکان دەکات، بە زووترین کات لەمەڕ ئەو هێرش و تاوانانەی ئێران بۆ سەر رۆژھەڵاتی کوردستان هەڵوێست بگرن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان