هێزەکانى سوپاى تورکیا لە قەزاى نسێبینى باکوورى کوردستان لە هێرشکیاندا بۆ سەر گەڕەکى فوراتى ئەو قەزایە، پێنج ئەندامى خێزانێکیان کوشت، کە لە شارى درعاى سوریاوە بە ئاوارەیى ڕۆیشتبوونە قەزاى نسێبین و لەو قەزایەدا نیشتەجێ بوو بوون.
ئێوارەى ئەمڕۆ ١٥ى ئایاری ٢٠١٦ ئاژانسى هەواڵى دیجلە بڵاویکردەوە، لە ڕۆژى ١٣ ئازاری ٢٠١٦ەوە و ماوەى ٦٤ ڕۆژە و بە بەردەوامى هێرشى هێزەکانى سوپاى تورکیا بۆ سەر گەڕەکەکانى قەزاى نسێبین لە پارێزگاى مێردین بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە هێرشى هێزەکانى سوپاى تورکیادا بۆ سەر گەڕەکى فوراتى قەزاى نسێبین پێنج ئەندامى خێزانێکیان کوشتووە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی هەواڵی NRT ، تاکە کەسى ئەو خێزانە، کە لەو “کوشتارەى” سوپاى تورکیادا ڕزگارى بووە، عەبدولسەلام ساڵح ئەحمەدە و بە ئاژانسى هەواڵی دیجلەى ڕاگەیاندووە، خێزانەکەیان لە شارى درعاى سوریاوە ئاوارەى تورکیا بوون و لە قەزاى نسێبین نیشتەجێ بوون.
عەبدولسەلام ساڵح لە دواى ئەوەى لەو هێرشەى سوپاى تورکیا ڕزگارى بووە خۆى گەیاندووەتە شارى قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان و وتویەتى “هێزەکانى سوپاى تورکیا و ئاکەپە باوک و دایک و سێ خوشک و برایەکمیان لە گەڕەکى فوراتى نسێبین کوشت”.
ئاژانسى هەواڵى فەرمیى حکومەتى تورکیا هیچ هەواڵ و زانیارییەکى لەبارەى کوژرانى پێنج ئەندامى ئەو خێزانە لە قەزاى نسێبین بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتى تورکیا لە ڕۆژى ١٣ى ئازاری ٢٠١٦ەوە لە قەزاى نسێبینى باکوورى کوردستان قەدەغەى هاتووچۆى ڕاگەیاندووە و سوپاى تورکیاش ئەو قەزایە گەمارۆداوە. لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین پێکدادان لە نێوان هێزەکانى سوپاى تورکیا و شەڕڤانانى یەکینەکانى پاراستنى سڤیل (یەپەسە) لەو قەزایەدا ڕوویداوە.
قەزاى نسێبین لە پارێزگاى مێردینى باکوورى کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ شارى قامیشلۆ لە کانتۆنى جزیرەى ڕۆژئاواى کوردستان.
لەسەرەتایی ساز بوونی تورکیا، گەلی کورد لە باکووری کوردستان لەژێر هەڕەشە و کوشت و بڕین دابووە و تا ئێستا بە هەزاران کەسی کوردستانی بوونەتە قوربانی سیاسەتی کۆمەڵکووژی دەوڵەتی تورکیا دژی کوردان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان