راگەیەندراوی پێنج ناوەندی مافی مرۆڤی لەسەر دەستبەسەرکردن و مەترسی ئەشکەنجە دانی دوو بەندکراوی کورد

راگەیەندراوی پێنج ناوەندی مافی مرۆڤی لەسەر دەستبەسەرکردن و مەترسی ئەشکەنجە دانی دوو بەندکراوی کورد

KMMK:
هوشمەند عەلی پور و موحەمەد ئۆستاد قادر دوو ئەندامی حزبێکی کوردستانی، رۆژی هەینی ۱۲ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ دەست بەسەر کران و ئێستە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دان.

بە پێی راپۆرتە هەواڵیەکان دوو کەس لە ئەندامانی پارتی ئازادی کوردستان ( پاک) بە ناوەکانی هۆشەنگ عەلی پور ( سمکۆ) و موحەمەد ئۆستاد قادر ( ئاوارە) خەڵکی سەقز لە بڕواری ۱۲ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست بەسەر کراون و لەژێر ئەشکەنجە و وەرگرتنی زانیاری زۆرەملیدان.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە هەواڵیەکان جەختیان کردوەتەوە ئەم دوو کەسە لە کاتی دەست بەسەر کردنیاندا بەرەوروی توندوتیژی و لێدان بونەتەوە و گولەیان بەر کەوتووە و لە ژێر زەخت و ئەشکەنجەدا، دانپیانانی زۆرەملیان لێ وەر گیراوە.

بە لەبەرچاو گرتنی یاسای ناوەندە مافی مرۆڤیەکان و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە بەڕێوە بردنی مژارەکان و بەڕێوەبردنی یاسا لەسەر بەندکراوانی سیاسی چەندین خاڵ هەیە کە دەبێت لەسەر پارێزگاری لە گیانی ئەم کەسانە لەبەرچاو بگیرێن:

۱: ئەم دوو بەندکراوە دەبێت تا بەدەست هێنانەوەی تەواوی تەندروستی لە ژێر چاوەدێری پزشکیدا بن. لەوە بەدەر ئەم کردەوەیە وەک ئەشکەنجەی لەشی ئەم کەسانە ئەژمار دەکرێت.
۲: ئەبێت هەل و مەرجێک پێک بهێنرێت کە بنەماڵەی ئەم کەسانە بتوانن چاویان بە رۆڵەکانیان بکەوێت و لە تەندروستی ئەم کەسانە ئاگادار بن.
۳: دوری لە هەر شێوازێکی ئەشکەنجەی لەش و دەرونی کە یەکێکە لە خاڵە قەدەغە و ئیدانە کراوەکانە لە کۆمەڵە و رێکخراوە مافی مرۆڤیەکان و نێو نەتەوەییەکانە، لەبەرچاو بگیرێت.
۴: پێویستە کە ئەم دوو بەندکراوە لە لایەن کەس یا خود کەسانێکی بێ لایەن بپارێزرێن و پاشان لە دادگەیەکی کراوە و بەرابەر دادوەری بکرێن و هەروەها مافی پارێزگاری لە مافی خۆیان هەبێت

هەروەها ئێمە وەک ناوەندگەلی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرجەم رێکخراوە و ناوەندگەلی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و دۆستانی مافی مرۆڤ داوادەکەین، هەوڵی خۆیان سەبارەت بە پاراستنی گیان، وەر گرتنی مافی ئەم دوو بەندکراوە سیاسیە و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی کورد بخەنە گەڕ و هاوکات کۆماری ئیسلامی و هەمو ناوەندە پەیوەندی دارەکانی ئەم حکومەتە بە بەرپرسی گیانی ئەم دوو بەندکراوە و پێشێلکاری مافی مرۆڤی لەسەر ناوبراوان دەزانین.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان

ناوەندی پارزەرانی مافی مرۆڤ

رێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو

کەمپەینی پارێزەری مافی بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان