KMMK: پاش تێپەڕبونی ۳۳ رۆژ لە دەست بەسەر بونی چالاکانی کورد لە کرماشان و لۆڕستان، بڕیاردەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان پایتەختی رۆژھەڵاتی کوردستان، ڕێگری لە ئازاد بونی کاتی دەست بەسەرکراوان دەکات.
بەپێی زانیاری گەیشتوو، موستەفا باقری ئاشنا و سەید ئەردشێر موسەوی لە دژی بێبەری بون لە مافی یاسایی لە خزمەتگوزاری دەرمانی لە دوێنەوە لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوا دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.
لە بارودۆخی بەندکراوانی تر، ئەرسەلان هیدایەتی، شاریار تەهماسبی و بێژەن گراوەند زانیاریەک لەبەردەست نییە.
جێگای ئاماژەیە کە: موستەفا باقری ئاشنا نەخۆشی دڵی لەگەڵدایە و لەم ۳۳ رۆژەدا لە خزمەگوزاری پزیشکی بێ بەریە و تەنانەت لە دەرمانەکانی خۆیشی بێ بەرییە.
پێویست بە بیرهێنانەوەیە: پێنج شەممە ۲۸ی گەلاوێژ، پێنج چالاکی کلتوری کوردی دەست بەسەر کراو بە ناوەکانی ئەرسەلان هیدایەتی، موستەفا باقری ئاشنا، سەید ئەردەشێر موسەوی، شاریار تەهماسبی، بێژەن گراوەند و مەهدی ئازاد بەخت لە گرتوخانەی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان لەسەر قەراری گرتنی کاتی بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان گوازراونەتەوە.
مەهدی ئازادبەخت، دوو رۆژ پاش دەست بەسەر بون بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
۳ی گەلاوێژ، دەست بەسەر کراوانی ناوبراو لە بەندیخانەوە بۆ ژوری چواری دادگەی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان براون. لە کاتێکدا پێشتر دادوەری دادگە لە ئەگەری دانانی بارمتە بە مەبەستی ئازاد کردنی ئەم کەسانە هەواڵی دابوو بەڵام تا ئێستە بڕیاردەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان