دیار نەبونی چارەنوسی ۳۱۰۲ ئیزەدی پاش تێپەڕبونی چوار ساڵ

kmmk: بە پێی سەرژمێری ناوەندە حکومەتیەکانی هەرێمی کوردستان، چارەنوسی لە سەدا ۴۸ی ئەو ئیزەدیانەی کە لە ئاکامی هێرشی داعەش بۆ سەر شەنگال لە لایەن ئەم گروپە تیرۆریستیەوە رفێندراون، دیار نییە.

بە پێی ژمێریاری فەرمی دامودەزگا حکومەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە هێرشی داعەش لە ۳ ئاگۆستی ۲۰۱۴ بۆ سەر شەنگال هەزاران کورد ئیزەدی گیانیان لەدەست داوەو ۶۴۱۷ ئیزەدی لە لایەن ئەندامانی داعەشەوە رفێندراون.

خەیری بۆزانی لە بەرپرسانی ئیزەدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوری کوردستان لەسەر پەیواندی بارودۆخی ئەو کەسانەی دیار نەماون لە گەڵ بیرۆکەی گشتی کۆمەڵگای راگەیاند.

بە پێی وتەی ناوبراو لە کۆی گشتی ۶۴۱۷ ئیزەدی رفێندراو لە ۳ی ئەگۆست، ۳۳۱۵ کەس دەرباز بوون و چارەنوسی ۳۱۰۲ کەس لە رفێندراوان دیار نییە.

دوایین ژمێریاریە بڵاو کراوەکان لە لایەن بەرپرسانی ئیزەدیەکان کە لە لایەن رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشت راست کراوەتەوە، بەم شێوەیە:

– کۆی گشتی ئیزەدیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڕی ۵۵۰ هەزار کەسن.

  • – ۳۶۰ هەزار ئیزەدی پاش هێرشی داعەش لە ۳ ئەگۆستی ۲۰۱۴ بونەتە پەنابەر.
  • – ۱۰۰ هەزار ئیزەدی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چونەتە دەرەوە.
  • – داعەش لە دوهەمین رۆژی هێرش بۆسەر شەنگال (لە ۴ ئەگۆست) ۱۲۹۳ ئیزەدی کۆمەڵکوژ کردووە.
  • – تا ئێستە ۶۹ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزاوەتەوە و بەدەیان گۆڕی تاکە کەسیش دۆزاونەتەوە.
  • – داعەش پاش هێرش کردنە سەر شەنگال ۶۸ پەرەستشگە، گۆڕ و شوێنی ئایینی ئیزەدیەکانی روخاندووە و کاولی کردووە.

 

منداڵە هەتیوەکانی ئیزەدیەکان

پاش هێرشی داعەش بۆ سەر شەنگال ۲۷۴۵ منداڵی ئیزەدی هەتیو کراون.

  • – ۱۷۵۹ منداڵ بێ باوک کراون.
  • -۷۴۰ منداڵ بێ دایک.
  • -۳۸۹ منداڵ دایک و باوکی خۆیان لەدەست داوە.
  • – دایک و باوکی ۲۲۰ منداڵ تا ئێستە دیلی داعەشن و ئازاد نەکراون.

ژمێریاری ئەو ئیزەدیانەی بەدەستی داعەش رفێندراون

  • – ۳۵۴۸ ژن
  • – ۲۸۶۹ پیاو

لە ۳۱۰۲ ئیزەدی رفێندراو بەدەستی داعەش هیچ هەواڵێک لەدەستدا نییە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان