مانگرتنی زەینەب جەلالیان و ۹ زیندانی دیکە دوابەدوای گوشاری بەرپرسانی زیندان

kmmk: زەینەب جەلالیان لەگەڵ ۹ زیندانی دیکەی تاوانە ئاساییەکان لەناڕەزایەتی دژ بە بێبەری کردنیان لە چاوپێکەوتنی حەوتانەی زیندان دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.

بەگوێرەی khrn: لەماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو دوابەدوای پشکنینی ژووری ئەم زیندانیانە تلەفونێکی دەستی (موبایل) لەلایەن ڕایەدارانی زیندانەوە دۆزرایەوە ودەستی بەسەردا گیرا.

ڕایەداری پاراستنی زیندان بە نانەوەی دۆسیە بۆ زەینەب جەلالیان و نۆ زیندانی دیکەی ئەو ژوورە، چەندد جار لێپرسینەوەیان لێکردووە.

ڕۆژی ڕابردوو ۷ی گەلاوێژ، پاش بانگهێشتی سەرلەنوێی ئەم زیندانیانە پێیان ڕاگەیاندن تا ئەو کاتەی خاوەنی ئەم موبایلە ئاشکرا نەکرێت هەموو دە زیندانی ژووری یەکی بەندی ژنان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیندان وەکوو کڕینی میوە وخواردەمەنی لە فرۆشگەی زیندان، کتێبخانە،… هەروەها چاوپێکەوتنی حەوتانە بێبەری دەکرێن.

لەناڕەزایەتی دژ بەم بێبەری کردنانە لەسەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ۸ی گەلاوێژ، زەینەب جەلالیان و نۆ بەندکراوی دیکەی ئەم ژوورە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن ولەنامەی مانگرتنەکەیاندا بە بەرپرسانی زیندانیان ڕاگەیاندووە تا پوچەڵ کردنەوەی ئەو بێبەری کردنانە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.

جێگەی باسە پێشووتر لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوویش زەینەب جەلالیان بەهۆی ناڕەزایەتی کەڵک وەرگرتن لە ماددەی هۆشبەر لەم بەندە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ ماوەی چەندد مانگ قەدەغەی چاوپێکەوتنی لێکرابوو.

بەندی ژنانی زیندانی کۆماری ئیسلامی لەشاری خۆی خاوەنی سێ ژوورە و ئاماری ئەو بەندە ۳۸ بەندکراوە. هەروەها ۱۵ زیندانی ئەم بەندە بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵە لەسەر ئەرزی هۆڵەکە دەخەون.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان