KMMK: ژوری چواری دادگی پێداچونەوەی ئێران لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناردنی بانگهێشت نامەیەک رایگەیاندووە کە دەیهەوێت ئیجلال قەوامی رۆژنامەنوس و چالاکی مافی مرۆڤ لە رۆژی ۲۷ی خەزەڵوەر بداتە دادگا و سەرلەنوێ دادگایی بکات.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم چالاکە مافی مرۆڤیە بە تاوانی: پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت، بێ حورمەتی کردن بە سپای پاسداران و وتووێژ لەگەڵ راگەیاندنە دەرەکیەکان لە ژوری یەکی دادگەی شۆڕشی ئێران لە شاری سنە پێشتر موحاکمە کرابوو و ئەو تاوانانە لەسەری لا چوبون.
جێگری دادوەری گشتی و شۆڕشی ئێران ناڕەزایەتی بەرانبەر بە قەراری دەرکراو دەر بڕی و خوازیاری سەر لە نوێ موحاکمەی ناوبراو بوە.
ئەم دۆسیەیە بۆ بەشی چواری دادگەی پێداچونەوەی ئێران لە شاری سنە بۆ سەرلە نوێ موحاکمەی ئەم رۆژنامە نوسەی کورد نێردراوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە چالاکانی مەدەنی، سیاسی و مافی مرۆڤی کورد بە تاوانگەلی ناڕاست و ساختە بۆ ماوەی درێژ خایەن بەند بکات، بە بەکار هێنانی ئەم سیاسەتە هەوڵ دەدات جەوی کوردستان زۆرتر ئەمنیەتی بکاتەوە و هەر چەشنە بانگەوازێکی ماف خوازانە سەرکوت بکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان