کوژارنی کچێکی تەمەن ۱۶ سالان لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ

kmmk

شەوی 14/7/2018 لە شارەدێی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی پارێزگای سلێمانی کچێکی خوێندکار تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی (سۆنیا عارف)، بە دوو گولـلەی کڵاشینکۆف، کوژراوە.

کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان وتووە، گوایە “خۆی خۆی کوشتووە”، بەڵام گومان دەکرێت، کە کوژرابێت و لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە دەکرێت.

هەر شەوی ڕابردوو، کاتژمێر ١١ تەرمی ژنێک بە فڕێدراوی لە لە گوندی نورە-ی سەر بە شارەدێی شۆڕش لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دەدۆزێتەوە,کاتێک پۆلیس چووەتە شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوتووە، کە ژنەکە زیندووە و شوێنەواری سێ فیشەک لەسەر جەستەیەتی.

ژنە بریندارەکە خەڵکی کەرکوکە و ناوی (دێکان تاریق) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧-ە. ئەو ژنە بە پۆلیسی راگەیاندوە:

“شەوی ڕابردو لە ماڵی برایەکی بووە بەناوی (گەرمیان)، دواتر براکەی و مامێکی بەناوی (نەسرەدین) بەمەبەستی کوشتن بردوویانە بۆ ئەو گوندە و سێ فیشەکیان پێوەناوە”.

هەر شەوی ڕابردوو بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە و پۆلیسی شۆڕش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕوووداوەکە کردووەتەوە. بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی ڕۆژنیوز ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٩٠ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

هەروەها، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، لە ماوەی پێنج ماگی یەکەمی ئەمساڵ-دا ٢٢ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و ٣٢ ژنی دیکەش خۆیان کوشتوە. بەهۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکە تەنیا ئەو حاڵەتانە تۆمار دەکات، کە لەڕێگەی نووسینگەکانیانەوە دەگەنە دەستیان، ئەو ئامارانەی بڵاوی دەکەنەوە کەمترە لە ڕاستیی حاڵەتەکان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان