KMMK: فشار و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەدژی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی هەدەپە تا دەچێت زیاتر دەبێت، تا ئێستا ٥٧ جار هێرش کراوەتە سەر ناوەندەکانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردن و ٢٠٨ ئەندام و لایەنگرایان دەستگیرکراون.
بەپێی هەواڵی رۆژنیوز ، بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا، لە تورکیا و باکوری کوردستان پەرەی سەندووە، دەنگی گەلی کورد تێکڕا بۆ هەدەپەیە، ئاکەپەش ئەوەی پێی قبوڵ ناکرێت و هێرش دەکاتە سەر ناوەندەکانی هەدەپە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
پاش هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرش بۆ سەر شەنگال، قەندیل و مەخمور، پێشێلکارییە ناوخۆییەکان لەدژی هەدەپەش زیادیان کردووە، کۆمیسیۆنی مافەکانی هەدەپە ڕایگەیاندووە، کە لە ١٨ی نیسانەوە تا ئەمڕۆ ٥٧ جار هێرش کراوەتە سەر ناوەندەکانی هەدەپە.
لە ڕاپۆرتی ئەو کۆمیسیۆنەدا ئەوەش هاتووە، کە ٢٠٨ ئەندام و لایەنگری هەدەپە لەو ماوەیەدا دەستگیرکراون، کە ١٦یان ڕەوانەی زیندان کراون.
جێگای ئاماژەیە بەشێکی زۆری ئەندامانی هەدەپە، لە نێویاندا دا سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسکداخ و بە سەدان ئەندامی دیاری ئەو پارتە رەوانەی زیندان کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان