پێشگرتن بە داواکاری پێداچونەوەی دادوەری رامین حوسەین پەناهی

kmmk

یەکشەممە ۲۰/۰۳/۱۳۹۷ پارێزەری رامین حوسەین پەناهی رایگەیاند کە:

داواکاری پێداچونەوەی دادوەری ناوبراو لە لایەن ژوری باڵای وڵات پێشی پێگیراوە، بە رەتکردنەوەی داواکاری دادوەری سەرلە نوێی ئەم بەندکراوە سیاسیەی کورد، مەترسی لەسێدارەدان هەر دەم هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی ناوبراو.

حوسەین ئەحمەدی نیاز رایگەیاندووە: دۆسیەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ژوری ۳۸ی دەستەی باڵای وڵات کە بەداخەوە بەشی ناوبراو بە بێ لەبەرچاو گرتنی دەقی دۆسیەکە داواکاری پێداچونەوەی دادوەری رەت کراوەتەوە.

بەڕێز ئەحمەدی نیاز لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت لە هەوڵدایە بۆ جارێکی تر داوای پێداچونەوەی دادوەر بکات، لەبەر ئەوەی کە ئەمە مافی رامینە و هیوادارم دەستەی باڵای وڵات سەر لە نوێ بە ورد بینی و خوێندنەوەی دەقی دۆسیەکە، داواکاری پێداچونەوە وەر بگرن.

ئەم پارێزەرە کوردستانیە داواکاری پێداچونەوەی دادوەری رامین حوسەین پەناهی بە لەبەرچاوگرتنی بەشەکانی (ج و چ )ی مادەی ٤۸٤ لە یاسای ئایینی پێداچونەوەی تەمێکاری لە شەش لاپەڕە و دوبەش کێشەگەلی شێوەیی و ماهویی پێشکەشی دیوەخانی دەستەی باڵای وڵات کردووە.

رامین حوسەین پەناهی ۲/٤/۱۳۹٦ ی هەتاوی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قۆلبەست کرا و لە ژوری یەکی دادگەی شۆڕشی ئێران لە شاری سنە بە تۆمەتی یاغی بون قەراری سێدارەی لەسەر دەر کرا. قەراری دەر کراو لەسەر دۆسیەی رامین حوسەین پەناهی لە ژوری ۳۹ دەستەی باڵای وڵاتی ئێران پەسەند کرایەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان