kmmk: ڕۆژی چوارشەممە ۲۰۱٨/٥/۲٤ زاینی کرێکارێکی تەمەن ۲٤ساڵ لەکاتی کارکردندا بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک لە شاری زاخۆیی باشووری کوردستان گیانی لەدەستدا و هاوکات پێنج کرێکاریی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی زاخۆ ڕایگەیاند: “کرێکارەکان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن و چارەسەری پزیشکی بۆ پێنج کرێکارەکەی دیکە کراوە و تەندورستیان جێگیرە.”
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ڕوو لەهەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی کارکردن و بەهۆی نەبوونی پەروەردە و شت و مەکی پێویست بۆ پاراستنی کرێکاران، تووشی ڕووداوی جۆراوجۆر دەبن.
کرێکارێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان دەڵێت: “دۆخی کرێکارانی بیانی زۆر باش نییە و یاسایەک لە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی کرێکارانی بیانی پەیڕۆ ناکرێت و زۆر جار کرێکاران بۆ وەرگرتنی حەقدەست-یش تووشی ناحەقی و ستەم دەبنەوە.”
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


