بێبەری کردنی دوو یاریزانی کورد لە لیستەی یاریەکانی (جامی جیهانی)

kmmk: دەمدەمانی دەسپێکردنی یاریەکانی جامی جیهانی فوتبۆڵ کارلووس کی ڕووش ، سەرپەرشتیاری تیمی نەتەوەیی ئێران دوو یاری زانی ناسراو وبەتوانی کوردی بەناوەکانی “کاوە ڕەزایی و وریا غەفووری” لە لیستەی (استندبای) بۆ ململانێی جامی جیهانی دانان.

بەگوێرەی هەواڵەکە نوێنەری پەڕلەمانی ئێران بۆ ســنە (سەید مێهدی فەرشادیان) بەرانبەر بەم کردەوە نامرۆڤانەیە دژکردەوەی نواند وکوتی: «پەڕاوێز خستنی وریا غەفووری یاریزانی ناوداری کورد لەتیمی نەتەوەیی بەجۆرێک دڵڕەقی وهەڵاواردنە بەرانبەر بە بەهرە وەرزشیەکانی کورد لەگۆڕەپانە نەتەوەیی وجیهانییەکاندا.»

هەروەها عەلی محەممەدمورادی بەرپرسی کۆمەڵی نوێنەرانی کورد کوتی: «وریا غەفووری دەبێ لەتیمی نەتەوەیدا بمێنێتەوە.»

جێگەی باسە لە بواری وەدەرنانی فوتبۆڵیستە کوردەکان لە لیستەی تیمی نەتەوەیی نێردراو بۆ یارییەکانی جامی جیهانی، نوێنەری پەڕلەمان بۆ شارەکانی قوروە و دێولان کوتی: «پێویستە وریا غەفووری یاریزانی ناسراو وتەکنیکی کورد بگەڕێتەوە تیمی نەتەوەیی و ئەم کردەوەیە بووەتە هۆی خەمساردی و پەرۆشی خەڵکی پارێزگاکە.»

شایانی باسە کۆماری ئیسلامی هەرگیز چاوی بە چالاکوانانی مەدەنی ووەرزشی کورددا هەڵنەهاتووە لەکاتێکدا قارەمانییەتی وەرزشکارانی کورد لەهەموو بوارەکاندا بووە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەو دەسەڵاتە داسەپاوە ،بەڵام بەوحاڵەشەوە ڕێگری لەهەر چەشنە سەرکەوتن و پیرۆزییەکی گەلی کورد دەکات وهەموو بەهرە زانستی وهونەری و وەرزشیێەکان دەکوێرێنێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان