KMMK: لە۲٦ی خاکەلێوەی ۱۳۹۷ی هەتاوییدا یەکەم دەسپێکی مانگرتنی ناڕەزایەتی کۆڵبەران و کاسبکاران لە شاری بانە بە ڕاخستنی خوانی بەتاڵ ـ سفرە خالی ـ دەستی پێکرد و هەر زوو شارەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە .
شارەکانی جوانڕۆ، سەقز ، پیرانشار ، بۆکان و بەشێک لە مهاباد و سەردەشت بەداخستنی دوکان و بازاڕ پەیوەست بە داخوازی ڕەوای کاسبکاران و کۆڵبەرانی کوردستانەوە بوون .
نوێنەری خامنەیی هاتە بانە و خەڵک ڕاشکاوانە هاواری برسیەتی و بێکاری خۆیان بەو نوێنەرەی حکومەت گەیاند و بەردەوامی خۆیان بۆ مانگرتن نیشان داوە .
لە دوای ئەوەی سیاسەتی حکومەت نەگۆڕە و سنوور و ڕێڕەوە بازرگانیەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان ناکاتەوە و لەو لاشەوە هیچ بنەمای کار و کارگەێیکی لە ڕۆژهەڵات نەخوڵقاندوە.
بە پێی وتەی “خزری” نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە پاڕلەمانی ئێران زیاتر لە ٨۰ هەزار کەس بێکار بوون . نوێنەری سەقز و بانە لە پاڕلەمانی ئێران ڕایگەیاندوە زیاتر لە ٥۰۰ پاساژ وەک پلاسکۆی تاران مەترسی داخستنی هەیە ، هەرچەنـد ئەم وتەیە بوو بە دەستەواژەی کاربەدەستانی حکومەت و ڕایانگەیاندوە کە ئەو مانگرتنانەی کوردستان هی بازرگانەکانە نەوەک کۆڵبەران و کاسبکاران !
لە لاێیکی ترەوە نوێنەرێکی تری مەجلیسی شورای ئیسلامی ڕایگەیاندوە کە بە زیادکردنی بڕی بابەتی گومرکی و وەک باج و و داخستنی ڕێڕەوە سنوورەکان ۷ ملیون کەس ژیان و کەسەبەیان کەوتۆتە مەترسی و ناو چوون .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


