کوژرانی ۱۳ کەس لە جندرێس لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکومەتی تورکیاوە

KMMK: ئەمڕۆ ۵ی مارسی ۲۰۱٨، حکومەتی تورکیا ناوەندی شاری جندرێسی بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی بوردمان کرد و لە ئەنجامی ئەم کردەوەدا چەندین کەس بریندار بوون و ۱۳ شارۆمەندی سڤیل کە سێ لەو کسانە منداڵن گیانیان لەدەست داوە.

بە پێی وتەی سەرچاوە خۆماڵیەکان: «حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ بە بوردمانی درێژەدار و بە بۆمبی یەک تەنی ناوەندی شاری جندرێسی بە خەستی بوردمان کرد و بەو هۆیەوە رێژەیەکی زۆر لە ماڵی دانێشتوان روخاون.»

تا بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە گەڕان بۆ رزگار کردنی بریندارەکان درێژەی هەیە و بڕێک لە بریندارەکان بە هۆی خەستی برینەکانیان ئەگەری گیان لەدەست دانیان هەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان