بریندار کردنی کۆڵبەرێک و هەڕەشە بۆسەر بنەماڵەکەی لە پیرانشار و بە تاڵان بردنی ئەسپی کاسبکاران

بە پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: رۆژی سێ شەممە ۲٨ی سەرماوەز، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزاییەکانی “کانی خودا” لە پیرانشار، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامی گولە باران کردنیان کۆڵبەرێکی کورد بە توندی بریندار دەبێت.

بە پێی وتەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار: پێناسەی ئەم کۆڵبەرە کوردە”موستەفا خزری، تەمەت ۲۷ ساڵان، کوڕی عوسمان”ە و دانیشتوی گوندی نێ کوپری پیرانشارە و لە بەشی سینگەوە بە توندی بریندار کراوە و ئێستە لە نەخۆشخانەی مەهاباد لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێت: کە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت و پێیان دەوترێت نابێت لە سەر تەقەی هێزه چەکدارەکان و بریندار بونی ئەندامی بنەماڵەکەیان هیچ جۆرە زانیارییەک بدەنە هەواڵنێرییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لە لایەکی ترەوە لە درێژەی تاڵان کردنی ماڵ و کەرەستەی کاسبکارانی کورد لە رۆژانی رابردودا ۶۰ سەر لە ئەسپی کاسبکارانی گوندی “گردە سوری پیرانشار” لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە گەوڕەکانیان دێننە دەرەوە و بەتاڵانیان دەبەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان