بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی پێنجشەممە ۱٦ سەماوەز ۱۳۹٦ ی هەتاوی بەندکراوێکی سیاسی کورد سزا دراو بە لەسێدارەدان بە ناو “کەماڵ حەسەن ڕەمەزان ” دووبارە بۆ بەندیخانەی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ گەڕینرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ، ناوبراو ڕۆژی ۷ی سەرماوەز کە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ گوازرابویەوە ، دیسان بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گەڕینرایەوە.
سەرەڕای ئەوی کە سزای سێدارەی ناوبراو پشتڕاس کراوەتەوە و لێپرسینەوەی کۆتایی پێهاتوە ، مخابن دووبارە بۆ ژوورە تاکە کەسیەکانی ئیتلاعەت ڕەوانە و لێپرسینەوەی لێکراوە . لە لایەکی دیکەوە لە ژێر گووشار و زەختی ئیدارەی ئیتلاعات و سپا مەلەفگەلێکی نوێ دژی ئەو بەندکراوە سیاسیە کوردە سازکراوە.
جێگای ئاماژەیە، کەماڵ حەسەن ڕەمەزان ۳۱ ساڵان شارۆمەندێکی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانە کە لە پوشپەڕی ۹۳ ی هەتاوی هاوڕێ لە گەڵ دوو شارۆمەندی دیکەی کورد خەڵکی ماکۆ لە نیزیکی شاری ورمێ دەسبەسەر کراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان