هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر مەخمور شەرمەزار دەکەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی بەجێ بێنێت

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێرشی تێرۆریستی بو سەر که‌مپی په‌نابه‌رانى شه‌هید ڕۆسته‌م جودى لە مه‌خمور شەرمەزار دەکات و داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکەین، ئەرکەکانی خۆی لەگەڵ دابین کردنی ئاسایش و پاراستنی دانیشتوانی ئەم شوێنە بەجێ بهێنێت.

دوێنێ ۶ دیسەمبەری ۲۰۱۷ لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور تەقینەوەیەک ڕوویدا و به‌ پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان لە تەقینەوەکەدا چەندین کەس گیانیان لە دەست داوە و چەندین کەسیش بریندار بوون، بریندارەکانی تەقینەوەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر کراون .

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم بارەوە بڵاو کراونەتەوە، ئاماژە دەکرێ لە رێی بۆمبارانی ھەوایی ئەم هێرشە ئەنجام درا بێت.

وەک بکەری ئەو هەوڵە تێرۆریستیە، بەرپرسان و دانیشتوانی ئەو کەمپە حکومەتی تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەو کردەوە دژە مرۆڤیە.

دانیشتوانی ئەو کەمپینە بریتین لە چەند هەزار کوردی ئاوارەی باکووری کوردستان کە لە باشووری کوردستان و لەو کەموێنە نیشتەجێ بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەو کردەوە تێرۆریستیە بە توندی ئیدانەی دەکات ، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان وناوەندە جیهانیەکان دەکات لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی شیاو بگرن بۆ ئەوەی پێش لە رووداوی لەو چەشنە بگیردرێت.

پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە زووترین کات لێکۆلینەوە لە سەر ئەو روداوە دڵتەزێنە بکات و بکەرانی بە گەل بناسێنێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان