بەهۆیی تەقینەوەی مینەوە هاوڵاتیەک گیانی لەدەست دا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،لەكاتی گەرانی بەدوای ئاسن و كۆكردنەوەی ئاسنە كۆنەدا، لە شاخێكی سەربە شارۆچكەی پێنجوێن هاوڵاتییەكی تەمەن ٢٠ ساڵ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستدا لە ڕێکەوتی ٦.۱۲.۲۰۱۷لە شاخی ئاسن كوڵێن –ی سەر بە ناوەندی شارۆچكەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، دوو هاوڵاتی ڕوو لە شاخەکە دەکەن بۆ كۆكردنەوەی ئاسن، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی مینەوە یەكێكیان گیان لەدەست دەدات.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی شارۆچكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند،پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێك كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئیران دەگەڕێتەوە، هاوڵاتییەك كە تەمەنی نزیكەی ٢٠ ساڵ دەبیت گیانی لەدەستدا، لەكاتێكدا ئەو هاوڵاتییە لەگەڵ كەسێكی تردا كە خەزوریەتی لەهەمان شاخ بەدوای ئاسنی كۆندا گەڕاون و ئەو قوربانییەی لێكەوتوەتەوە.

قایمقامی شارۆچكەی پێنجوێن، وتیشی، بەمەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر تەرمی ئەو هاوڵاتییە ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.