بەپێیزانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، خەڵکی شارۆچکەی خورماتوو لە باشووری کوردستان،داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، کە ھێزێکی تایبەت لەژێر چاودێریی خۆی ڕەوانەی ناوچەکە بکات.
کاتژمێری ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسایەتی و چالاکانی مەدەنی شارۆچکەی خورماتوو گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم بارەگانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داواکارییەکانیان خستەڕوو.
لە راپۆرتێک کە لە لایەن ناوەندی رۆژنیوز بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە جومعە کەریم، ڕێکخەری گردبوونەوەکە لە گردبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: لەیاداشتێکدا داوامان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، کە لیژنەیەکی پێکبھێنن تایبەت بە خورماتوو بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر، لێکۆڵینەوەش بکرێت لەسەر ئەو کارەساتەی بەسەر گەڕەکی کۆماریی داھاتووە لەشارۆچکەی خورماتوو(تەقاندنەوەی ماڵی کورد لەو گەڕەکە). داواشمان کردووە ھێزێکی بێلایەن-ی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بێت بەمەبەستی پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچەیە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی ئەم ناوچەیە و بەزووترین کات بەمەبەستی گەڕانەوەی ئاشتیی و ئارامیی و نەھێشتنی کینە لەدڵی ئەو کەسانەی کەزیانیان بەرکەوتووە. لە راپۆرتەکە دا هاتووە داواشمانکردووە شارۆچکەکە لە چەک دابماڵرێت و ھەموو ھێزە چەکدارەکان دەربکەن، دەستی بکەن بە رێکخستنەوەی ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ.
جێی ئاماژەیە دوایی داگیرکردنی ناوچەکانی کرکوک، دووزخورماتوو و… حەشدی شەعبی و هێزە سەربازییەکانی عێراق بەرێژەیێکی زۆر تاوانی دژی مرۆڤیان لەم ناوچانەی کوردستان ئەنجام داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان