بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پێی وتەکانی سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتی ئێران، ١٢ ملیۆن کەس لە ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
تەقی ڕوستەم وەندی، سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران ڕایگەیاندووە، کە ڕێژەی بێکاری لە ئێران ۱۲,۵ لە ۱۰۰ بۆ سەرەوەیە ، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە نێوان گەنجاندا دەگاتە ٢٤٪.
ناوبراو هەروەها ئاشکرای کردووە، کە ١٩ ملیۆن کەس لە ئێران کێشەی نیشتەجێ بونیان هەیە و ١٢ ملیۆن کەسیش لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ئاماژەی بەوەشداوە، کە ڕێژەی بێکاری و هاوڵاتیانی ژێر هێڵی هەژاری لە ناوچە سنووریەکان لە بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی ئێران زیاترە، بە جۆرێک کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا هەشت ملیۆن کەس لەو ناوچانە سنوورییانەوە کۆچیان کردووە.
لە شوێنگەلی وەک رۆژھەڵاتی کوردستان ئەو رێژەیە تا رادەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە کە کاربەدەستانی ئێران بە ئەنقەست پەردەپۆشی دەکەن و ئاماری راستی لەسەر نادەن.
بەپێی سەرچاوەکانی ئاماری خۆدی ئێران رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەرەوەی پارێزگاکانی ئێرانە، کە ئەوە خۆی نیشاندەری ئەو راستیەیە کە لە بواری بژێوی ژیان، کار و خزمەتگوزاری رۆژھەڵاتی کوردستان لە خراپترین حاڵەت دایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


