بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ هەواڵنێرێکی کوردی دانیشتوی کرماشان و لانی کەم سێ شارۆمەند لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست بەسەر کراون. هەروەها پێشتر لە شاری بۆکان و سنە دوو چالاکی تر بە هەمان هۆوە دەستبەسەر دەکرێن.
ئەرژەنگی زەڕگوش، هەواڵنێری گۆڤاری حەفتانەی پارێزگایی، کە چەند رۆژ لەوەو پێش بە هۆی بڵاو کردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لە سەر لێقەوماوانی بومەلەرزەی کرماشان کە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا باس لە کەمتەرخەمی بەرپرسان دەکات، لە رۆژی۲ی سەرماوەزی ۱۳۹۶ی هەتاویدا لە گوندی گاومێش چەرانی سەر بە شاری گیلان غەرب لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەست بەسەر کراون.
زەڕگوش لە گرتە ڤیدیۆییەدا سەبارەت بە بومەلەرزەی سەرپێڵ زەهاب دەڵێت کە؛ بەرپرسان هیچ خزمەتێک بە کۆمەڵگا و خەڵک ناکەن و خەیانەت لە جەماوەر دەکەن و کۆمەڵگا خوازیاری لەناو بردنیانن.
ئەرژەنگ زەڕگوشلە دایک بوی ساڵی ۱۳۵۱ەو رۆژنامەوان و شرۆڤە گەری سیاسیە کە پێشتریش چەندین جار بە بیانوی “لایەنگری رێکخراوە سیاسیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی” دەست بەسەر کراوە.
هاوکات ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت هەروەها دوو چالاکی مەدەنیبەناوەکانی”رەحمانمەدەنی”و”ئیدریس مەحمودی” و هەروەها بەرنوێژی هەینی گوندی شێوە ئیبراهیم بەناوی”سەلام گوڵنەواز” بە هۆی “پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی” لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە بانگهێشت دەکرێن و دەست بەسەر دەکرێن، بە پێی هەواڵگەلی گەیشتو “رەحمان مەدەنی”و”ئیدریس مەحمود” بە دانانی بارمتە بۆداوەی کاتی ئازاد دەکرێن.
هەروەها لە رۆژی دووشەممە ۲۹ی خەزەڵوەر شارۆمەندێکی کرماشانی بە ناوی “قاسم زەڕگەر زادە” بەهۆی رەخنەگرتن لە دامودەزگاو لایەنە ئەمنیەکانی پەیوەندی دار بەو بومەلەرزەی ئەم دواییانەی کرماشان و بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆییەک لەوبارەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست بەسەر دەکرێت، ناوبراو کە دەوترێت بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئێتلاعات گواستراوەتەوە ئەندامی بنەماڵەی لێقەوماوانی کارەساتی بومەلەرزەی سەر پێڵی زەهابە.
هەروەها رۆژی یەک شەممە ۲٨ رەزبەر لە گوندی میر ئاوای سەر بە شاری بۆکان شارۆماەندێکی کورد بەناوی”مەجید حوسەینیان” لە لایەن هێزەکانی ئێدارەی ئیتلاعاتەوە دەست بەسەر دەکرێت، ناوبراو بەتاوانی” بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە بومەلەرزەی کرماشان و رەخنە گرتن لە قەسیم عوسمانی نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان لە پەرلمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ” دەست بەسەر دەکرێت.
هەروەها لە ۲۵ی رەزبەر چالاکێکی مەدەنی شاری سنە بە ناوی “شەهرام فەرهادی” لە کاتی بار کردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەی کرماشان لە لایەن هێزەکانی بەرگری ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە بەرانبەر بنکەی حزبی یەکیەتی(وەحدەت) لە شاری سنە دەست بەسەر دەکرێت و بۆ شوێنێکی نادیار دەبرێت کە تا ئێستە هیچ هەواڵێک لەسەر بارو دۆخی ناوبراو لەبەردەست نییە.
ماف نیوز سەبارەت بە دەست بەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییانە دەڵێت؛ کە دەست بەسەر کردنی ئەم کەسانە دەگەڕێتەوە بۆ رەخنە گرتن دژ بە “هێور بوونی گەیاندنی یارمەتی بۆ سەر ناوچە بومەلەرزە لێداوەکانی پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران”.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان