مردنی گوماناوی ژنێک لە سەقز
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ شەممە ۲۷ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، تەرمی ژنێکی ۲٨ ساڵە بە هەڵواسراوی لە گەڕەکی بەهارستان و لە نیزیک قوتابخانەی ۷ی تیری شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە.
بەپێی هەواڵەکە، دوای ئەوەی لە بەشی فریاکەوتنی خێرا ڕاگەیێندرا کە ناوبراو مردووە، بە فەرمانی دادوەر بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی مردنی ڕەوانەی ساردخانەی نەخۆشخانە کراوە.
شایانی باسە کە ئەوە ۳هەمین خۆکوشتنە لە ئەوساڵی هەتاویدا کە لە شاری سەقز ڕوویداوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچ ڕێکارێکیان بۆ پێشگرتن لەو دیاردە کۆمەڵایەتییە نەگرتووەتە پێش کە بە هۆکاری جیاجیا بوونی هەیە و بە گوێنەدان و گرینگی پێنەدانیان بەو باتە بوونەتە هۆی پەرە گرتنی ئەو خۆکوشتنانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


