بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وبەپشتبەستن بەهەواڵی ماڵپەڕی سەقزنیووز ئیرەج گێڵاسی بەرپرسی دایرەی ئاگرکوژێنەوە ڕایگەیاندووە: کەئەوڕۆ تەرمی پیاوێک بەناوی (ع، ع) وتەمەن ۳۵ ساڵ لەکەناری چۆمی سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە تەرمی ئەم پیاوە لە کەناری چۆمەکە کەدەکەوێتە خوارووی شارەوە ونێزیک بە (کانی نیاز)ە دۆزراوەتەوە وبەئیزنی بەرپرسانی قەزایی ڕادەستی پزیشکی یاسایی کراوە بۆلێکۆڵینەوە لەمەڕ هۆکاری کوژرانەکەی کەئاخۆ خۆی کوشتووە یان بەکوژراوی هەڵیان واسیووە.
جێگەی بیرهانینە کەخۆکوژییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وبەتایبەتی لەشاری سەقز بەهۆی بێکاری وهەژاری وتووشبوانی زۆری مادە هۆشبەرەکان وڕێژەی زۆرەی حەشیمەتی ئەو شارە کە لەخەڵکانی کۆچکردووی گوندەکانەوە پێک دێن ولەهەمبەر گرنگی نەدانی حکوومەت بەگوندنشینان وبابەتی کشتووکاڵی وهەروەها ئاگرتێبەردانی لەوەڕگەو دارستانەکان ودزینی سەرچاوەئاوییەکانی ئەو شارە بۆ شارەکانی دیکەی وەکوو تەورێز ومەراغە بۆ کشتووکاڵ وبەرهەمهێنان، هەموو ئەمانە وایان کردووە کەگوشارێکی قورسی ئابووری لەسەر هاوڵاتیانی ئەوشارە پێڕەو دەکرێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


