داهاتی مانگانەی بنەماڵەیەکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، لە کرێیەی ماڵێک کەمترە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان قەیرانی ئابوری ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر گەشە دەکات و ژیانی لە بنەماڵەکان دژوار و تاڵتر کردوە.

لە دووایین ئاماری ڕاگەیاندراو لە لایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە ، ۲/۹ ملوین تمەن بۆ یەک مانگی هەر بنەماڵەیەک لە ئێراندا پێویستە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی نێونجی مانگانەی هەر بنەماڵەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر لە ۱ ملوین تمەن بوە ، سەرەڕای ئەوەی کە ۳٥٪ لە بڕی ۲/۹ ملوین تمەن(یەک‌ملوین‌و۱٥۰هەزار تمەن) تێچو یا کرێ خانوی یەک بنەماڵە ڕاگەیاندراوە.

لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە نێوان شارۆمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە نیسبەتی نێوانجی گشتی ئێرانەوە زۆرترە و خەڵکی بێکار هیچ سەرچاوە داهاتێکیان نیە و زۆربەی ئەم خەڵکانە بە ئیشگەلی (کاذب) بۆ نموونە کۆڵبەری بژێوی ژیانیان دابین دەکەن ، کرێکاران و بەشێکی زۆر لە کارمەندان بە هۆی داهات و مووچەی زۆر کەمەوە و هەروەها بە هۆی گرانیەوە لە ژێر گوشاری ئابووریدان .

زۆربەی کرێکاران دەڵێن کە بە گشتی ئەمساڵ ۲۰٪گرانی بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانە زۆرتر بوە ، و بەم هۆیەوە و کەم بوونی داهاتی ئەوان کێشەکانیان قووڵتر بوەتەوە.

زۆربەی کارناسانی بازاری کاروئیش و ئابووری دەڵێن کە ئەگەر بنەماڵەیەکی ٤ کەسی بە ۲/۹ملیون تمەن لە ساڵی ڕابردوودا ژیانیان بە سەر دەبرد بەڵام ئەمساڵ بۆ ئەم بنەماڵە مانگانە ۳/٥ملیون تمەن پێویستە بۆ دابین کردنی ژیانی یەک مانگیان .دابین کردنی پێداویستی ژیان ڕۆڵی سەرەکی هەیە بۆ ساز بوونی کێشە و قەیران لە ناو بنەماڵەکاندا و بەردەوام ئەم کێشەیە بۆ بنەماڵە کەم‌داهاتەکان قەیران و گرفتی ساز کردوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان