ک.م.م.ک:
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان هاوپەیمانیی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، و لە بارودۆخێکدا کە پچڕانی ئینتەرنێت و کەشوهەوای ئەمنی لە ناوچە جیاجیاکانی جوگرافیای ئێراندا توندتر بووەتەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی گوشار و سنووردارکردنی بەندکراوانی ناو بەندیخانەی ناوەندیی ڕژێمی ئێران لە کرماشان (دێزڵاوا) دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە سەرەتای دەسپێکی تێکهەڵچوونەکانەوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕۆژی شەممە ١٩ی گوڵانی ٢٧٢٦ی کوردی، بەندکراوانی ئەم بەندیخانەیە لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی بەندیخانەکەدا، لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کراون.
هەروەها ئەو پەیوەندییە سنووردارانەشی کە لە ناو بەندیخانەکەوە دەکرێن، لەژێر چاودێرییەکی توند و گوێگرتنی ئەمنیدان.
لە بەشێکی تری ئەم ڕاپۆرتانەدا هاتووە کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە مانگەکانی ڕابردوودا، قەرەباڵغییەکی زۆر لە ناو بەندیخانەکەدا دروست بووە؛ ئەم دۆخەش نیگەرانیی جیددی لەسەر ئاستی خۆراک، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، شوێنی حەوانەوە و تەندروستیی گشتیی بەندکراوان لێکەوتووەتەوە.
شایانی باسە کە توندبوونەوەی کەشوهەوای ئەمنی و ئەو سنووردارکردنانەی لە بەندیخانەی دێزڵاوا پەیڕەو دەکرێن، نیگەرانیی بنەماڵەی بەندکراوانی سەبارەت بە باری جەستەیی و دەروونیی ئازیزانیان زیاتر کردووە.
ق.ش


