بەردەوامیی ناساندنی تەرمی گیانبەختکردووانی کورد لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباردا؛ ناونیشانی شەش کەسی دیکە ئاشکرا بوو

ک.م.م.ک:

لە درێژەی پڕۆسەی ناساندنی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانی جەماوەریی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، گیانیان بەخت کردووە، ناونیشانی شەش هاوڵاتیی دیکەی کورد کە لە شارە جیاجیاکانی جوگرافیای ئێراندا گیانیان سپاردووە، پشتڕاست کرایەوە. ئەم کەسانە یان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان یان لە بارودۆخێکی گوماناویدا پاش دەستبەسەرکردنیان گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، شێرزاد باڵایی، هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا.

هەروەها ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، محەممەدڕەزا خانی، وەرزشوانێکی تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی کرماشان و ئەندامی هەڵبژاردەی کیک‌بۆکسینگ، لەگەڵ ئەشکان بەستار، هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی شاری کەرەجدا بوونە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و گیانیان لەدەست دا.
لە هەمان ڕۆژدا، نازەنین‌زەهرا ئیسمی‌خانی، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ و لە هاوڵاتییانی کوردی دانیشتووی قەزوین، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا، و هەروەها سەنا تووسەنگی، قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە هەشتگردی ئەسفەهان گیانیان سپارد.
سەرباری ئەمانە، تەرمی عەباس جەعفەری، هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی «سەرتەنگ»ی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، لە کاتێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە کە شوێنەواری شینبووەوەی و ئەشکەنجەی توند بە جەستە و ملیەوە دیار بووە؛ گومان دەکرێت ئەم هاوڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردبێت.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *