ک.م.م.ک:
هاوڵاتییەک بە ناونیشانی هاشم خۆران کوڕی عوسمان و خەڵکی گوندی ئالیان سەر بە ناوچەی دەشتی بێڵ ـ ی شاری شنۆ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی بە٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ڕێوڕەسمی دادگایی کردنی هاشم خۆران ڕۆژی یەکشەممە٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شنۆ بەڕێوە چوو و ناوبراو بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران ٣٠مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
شیاوی باسە کە ڕێکەوتی٦ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی، ئەم هاوڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ئازاد کرا.
جێی سەنجە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەری لە مافی هەبوونی پارێزەر ە چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری بووە.
جێی بیرهانینە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیان کوتایە سەر گوندی ئالیان و بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی ناوبراویان لە گەڵ هاوڵاتییەکی دیکە بە ناونیشانی هاشم خۆران دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەمنییەتی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕایان گواستبوون و هاوکات دەستیان دابوویە پشکنینی ماڵی ئەم هاوڵاتیانە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلووپەلی تایبەتیاندا گرتبوو.
ق.ش


