برینداربوونی سێ کۆڵبەر و کاسبکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:

شەممە یەکی خەرمانان ٢٧٢٠ی کوردی، هێزە سنوورییەکانی ئێران گرووپێک کۆڵبەریان لە سنووی نەوسوو دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناونیشانی ” بێهروز مورادی” کوڕی میرزا خەڵکی سەلاسی باوەجانی برینداربوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی “پەڕان” و بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە ئەم کۆڵبەرانەیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کۆڵبەری ناوبراو پشتی بە گرانی بریندار بوو.

هەر لەو بارەیەوە لە رێکەوتی ۲۹ گەلاوێژدا هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری پاوە بە تەقەی راستەوخۆ کۆلبەرێکیان بەناوی “ئارمان محمدی” دایە بەر فیشەک و لە ئەنجام دا ناوبرا هەردوو لاقی بە سەختی بریندار بوو.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەواڵێکدا کە ڕێکەوتی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە لە چوارچێوەی برینداربوونی چەندد کۆڵبەرێک لە سنووری “هەنگەژاڵ” ی بانە بڵاو کراوبوویەوە، ڕاگەیەندرا کە هێزە سنووریێەکانی حکوومەت لە ناوچەی سنووری کاتێک کاسبکارێک دەگرن لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا فیشەکێک دەنێن بەپێیەوە و برینداری دەکەن ناونیشانی ئەم کاسبکارە “فەخرەدین ڕۆستەم پوور” خەڵکی بانە ڕاگەیەندراوە.

شیاوی باس کە لە هەمان ڕۆژدا ئەو کاسبکاره دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە سنە بۆ چارەسەر.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ۱۱۳ کۆڵبەر وکاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران و تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار و ٤٧ کۆڵبەر و کاسبکاریش گیانی خۆیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان