تەقینەوەی مینی دژە نەفەر لە ئیلام بوە هۆی بریندار بونی دوو سەرباز

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ئێوارەی جومعە ۱۹ خەزەڵوەر بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوریەکانی ئیلام لە نێوان پازگەی”نەهر عەنبەر” و “مێڵە مەرزی” دو سەربازبە ناوی “دانیال بیرانوەند”و”رەسوڵ ئەسەدی” بریندار دەبن و رادەستی نەخۆشخانەی شوهەدای شاری ئیلام دەکرێن.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم مینانە بە جێ ماوی شەڕی ئێران و ئێراقن و پاش دوو دەهەو نیو هەڵنەگیراونەتەوە و بەو هۆیەوە ساڵانە رێژەیەکی زۆر قوربانی دەگرن، کۆماری ئیسلامی ئێران هەموکات ئەوەی وتووە کە هێزی تایبەت بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە تەرخان دەکات بەڵام لە واقیعدا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ ئەم گرفتە گەورەیەی نەداوە و بگرە لەو نەوچانە سود وەر دەگرێت بۆ بەرگری کردن لە سنورەکان دژ بە لایەنە سیاسیەکان و کاسبکارانی کورد و بەو شێوەیە بەرەنگاری دەکات.

بڕی ۱۷ ملیۆن مینی چێندراو لە سنورەکانی ئێران بونیان هەیەو زۆربەی ئەم مینانە لە ناوچە سنوریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن و مەترسی گیانی لە سەر زۆربەی دانیشتوانی گوند و شارەکانی ئەو ناوچانە هەیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر بریندا ر دەبن وگیانیان لە دەست دەدەن یاخود ئەندامێکی جەستەیان لە دەست دەدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان