بە پێی هەواڵی گەییشتو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان شەوی رابردوو ۲۹ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە لە باشوری كەركوك كامێرامانێكی كەناڵی كوردستان تیڤی تیرۆرکرا.
هەڵۆ جەباری پەیامنێری كەناڵی كوردستان تیڤی لە كەركوك راگەیاند «شەوی رابردوو لە گەڕەكی خورسی قەزای داقوق چەند چەكدارێك چونەتە سەر ماڵی ئەركان شەریف كامێرامانی كەناڵەكەمان و تیرۆریان كردووە.»
وتیشی «پۆلیسی نەهێشتنی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەكە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەركان شەریف کامێرامانی کەناڵی کوردستانی تی ڤی بەچەقۆ كوژراوە.»
ئەركان شەریف تەمەنی ٥٤ ساڵە و خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە وەك كامێرامانی كەناڵی كوردستان تیڤی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك كاری كردووە.
ئەمە یەکەم جارنییە کە میدیاکاران و رۆژنامەنوسان لەئێراق و باشوری کوردستان بەهۆی دەرخستنی راستییەکان یا خود ئەو شتانەی کە لایەنی دەسەڵاتدار پێی ناخۆشە بە بێ بەزەییانەترین شێواز ئەکوژرێن و تا ئیستاش هیچ کەس و لایەنێک بۆ کەیسی تیرۆری رۆژنامە نوسان کارێکی نەکردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


