کوژران ودەسبەسەری کۆڵبەرانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی سێ شەممە ۲ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ی هەتاوی گرووپێک لەکۆڵبەرانی کورد لەسنووری نێوان ورمێ و باکوری کوردستان دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وبەو هۆیە کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دەدات.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم ڕووداوە لەنێزیکی گوندی «ئالواسان»ی سەربە ناوچەی سۆمای برادۆست هاتۆتە ئاراوە وکۆڵبەرێک بەناوی «ڕێبەر نامیان» خەڵکی گوندی «ئەلبیران» گیانی لەدەست داوە.

هەروەها هەواڵەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن چەکدارانی حکوومی ناوچەی سنووری دەسبەسەرکراون کەناونیشانی هەردوکیان بەم شێوەیە،«ئامانج ئەمین نەژاد» ۲۳ ساڵ تەمەن وکوڕیئەحمەد و «ڕێبواز شەریفی» ۲۳ ساڵ تەمەن وخەڵکی گوندی «دزڵی». کە هەردووکیان هەنووکە لەزیندانی ناوەندی مەریوان ڕاگیراون وئەمدەسبەسەرییە گومان ودوودڵی بۆ بنەماڵەکەی پێک هێناوە، ئەمە لەکاتێکدایە کەهیچ چەشنە بار یان بارهەڵگرێکیان پێ نەبووە وهەربۆیە مەترسی ئەوە لەئارادایە تۆمەتێکی گران بدرێتە پاڵیان وسیاسەتێکی قرێژ لەپشتەوەی ئەم دەسبەسەریەوە بێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان