بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، نوێنەری (ولی فقیە)ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەزارەتی جیهادی کشتووکاڵی لەقەیرانی بێکاری ۲۹ لەسەتی وداهاتی کەمی تاک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لێدوانی دا ودانیپێدا ناوە.
ئایەتوڵا حەسەن عالەمی، چوار شەممە (۱۹ی ڕەزبەر) لە کۆبوونەوەی شۆرای ئیداری سازمانی جیهادی کشتووکاڵی ئێران لەپارێزگای ســــنە لەڕۆژهەڵاتی کوردســـتان، جەختی لەسەر دوو قەیرانی بێکاری ۲۹ لە سەتی وداهاتی کەمی تاک کردۆتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەشەکانی کشتووکاڵی، کانگاکان وهەروەها لەبواری هێزی کارامەی مرۆییەوە خاوەنی پوتانسیەلێکی بەرچاوە.
ناوبراو بەجێی چارەسەرکردنی کێشەکان وخستنە ئارای ڕێکارێکی کارامە بۆ بەرانبەرکێ لەگەڵ ئەم کێشانە، خوازیاری پەلەکردن لەسیاسەتی کۆنتڕۆڵی ئاوە سنوورییەکانی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کەبۆخۆی بووە بەهۆکاری کێشەی ژینگەیی هەرە بەرچاو.
کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بە گۆشە نیگای ئەمنییەتییەوە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بەڕوو بووەتەوە پێشی لەهەر چەشنە سەرمایەگوزاری ئابووری بنیات نانی دەرفەت وهەلی کار وهەڵکشانی توان وتایبەتمەندییەکانی ئەم بەشە لەکوردستان گرتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســــــــــــتان