بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە درێژەی پاڵپشتییەکانی تایبەت بە گشتپرسی باشووری کوردستان، ۲ هاووڵاتی شاری بانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
“مەنسوور ئەسراری”تەمەن ۶۰ ساڵە و “ســـــــــرووش محەممەدی” نێوی ئەو ۲ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری بانەن کە لە درێژەی گردبوونەوە جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاڵپشتی لە ڕاپرسی باشووری کوردستان و هەروەها دەربڕینی شادی و خۆشی لە چوارچێوەی وەدەست خستنی مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی کورد، لەلایەن هێزە هەواڵگرییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا لە چارەنووسیان، هەواڵێک لە بەر دەست دانییە.
دەستهەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا هیچ جۆرە شادی و کەیفخۆشییەک بۆ پاڵپشتی کردن لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، قەبووڵ ناکات بەڵکوو بە ترساندن و تۆقاندن، دەستبەسەر کردنی بەرفراوان و هەڕەشە کردن لە چالاکانی سڤیل و هاووڵاتییانی ئاسایی، هەوڵی سەرکووت کردنی هەر چەشنە داواکارییەکی یاسایی و مرۆڤی دەدات و لە ئێستادا شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــان