دەسبەسەری مۆختار ئەسەدی چالاکی کورد

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ئەمرۆ دووشەممە ۲۷ خەرمانانی ۹٦هەتاوی، مۆختار ئەسەدی ئەندامی سنفی مامۆستایانی سنە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەوین کرا.

مۆختار ئەسەدی پێشتر لە لایەن لقی ۱٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «پەڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» بە ساڵێک زیندان سزا درابوو.

ناوبراو ئەمڕۆ بە مەبەستی ئازادکردنی بارمتەکەی چوە دادسەرای «شەهید مۆقەدەسی» تاران کە لەوێدا دەسبەسەر و بۆ تێپەڕ کردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەوین کرا.

مۆختار ئەسەدی ڕایگەیاندوە، چەند ڕۆژ پێش بە شێوەی تەلەفوون بانگهێشتی دادگا کراوە و گوتویانە ئەگەر سەردانی دادگا نەکات بارمتەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.

مۆختار ئەسەدی کارناسی باڵای کۆمەڵناسی هەیە، ناوبراو لە پووشپەڕی ساڵی ۱۳۸۹ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی شاری کەرج دەسبەسەر و پاش ٦٦ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی  ئازاد کرابوو.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان