بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی شەممە ۲۵ی خەرمانانی ۱۳۹۶ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد لەشاری «خۆی» بەهۆی ڕاوەدونانی هێزە ئینتزامییەکانی سنووری لە هەڵدێرێکەوە بەربوویەوە وبەگرانی بریندار بوو.
«جەهان محەممەدلوو» ناونیشانی ئەم کۆڵبەرەیە کە لەناوچەی سنووری شاری خۆی لەڕۆژهڵاتی کوردستان، دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی هەنگی سنوورییەوە وپاش ڕاوەدونانی ناوبراو لەلایەن ئەم هێزانەوە، لەهەڵدێر دەکەوێتە خوارەوە وپشتی بەگرانی خەساری بەردەکەوێ وبۆچارەسەری دەگوازرێتەوە بۆنەخۆشخانەی شاری ورمێ بەڵام پزیشکەکان ڕایان گەیاندووە کەئەگەری پسانی بڕبڕەی پشتی ئەم کۆڵبەره لەئارادایە.
جێگەی باسە کەبەپێی ئامارە بڵاو کراوەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ جگە لە دەسبەسەرییە یەک لەدوای یەکەکانی کۆڵبەران وکاسبکاران ودەسبەسەراگرتنی کەلووپەلەکانیان لەساڵی ۹۵ دا ڕێژەی ۱۰۷ کۆڵبەر وکاسبکار لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراو وبرینداڕ بوون و ۱۰ کۆڵبەریش لەڕێی ڕووداوی سروشتییەوە وەکوو سێڵاو، ڕنوو وکەوتنەخوارەوە لە تاڤگەوە گیانیان لەدەستداوە وهەروەها لەخاکەلێوەی ۹۶ ەوە تابەئێستە ۶۳ کۆڵبەر کوژراو وبریندار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


