چالاکانی مەدەنی و گەلی مەهاباد چوارشەممە بە مانگرتن ناڕەزایی دەر دەبڕن

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ بەپێی بانگەوازێک کە لەلایەن چالاکوانانی سڤیل و کرێکاری لە شاری مەهاباد بڵاوکراوەتەوە و دەقێکیشی گەیشتووەتە ناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوایان کردوە کە لە شاری مەهاباد ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی خەرمانان، دەست بکرێت بە مانگرتنێکی گشتی و هەتا کاتژمێر ۱۱ بەردەوام بێت.

چالاکانی مەدەنی و کرێکاری داوادەکەن بەهۆکاری ڕێگری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی جەماوەری خەڵکی ئەو شارە کە بڕیار بوو بۆ پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ کوشتنی کۆڵبەرانی سەر سنوور، بەشێوازێکی دێموکراتیک و ئارام بەڕێوە بچێت و هەروەها بە مەبەستی پێشاندانی ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵکی شاری مەهاباد بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە داخستنی دووکان و بازاڕ مان دەگرن .

لە بانگەوازەکەدا داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی ئەو شارە کراوە کە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی ویژدانە نووستووەکان و ڕای گشتی لە هەمبەر ئەو جۆرە هەڵسووکەوتانە، بەپیر بانگەوازەکەوە بچن. هەروەها لە درێژەی بانگەوازەکەدا کۆمەڵێک داواکارییان لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران هەیە و بەرپرسان وشیار دەکەنەوە کە ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە،

پانتایی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بەربڵاوتر دەکەنەوە. بەشێک لەو داواکارییانە بەو شێوەیەی خوارەوەیە: ـ پێویستە کوشتنی کۆڵبەران کورد کۆتایی پێ بێت و بەرپرسان هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە ئاشکرا بکەن. ـ لەبەر ئەو هەڵسووکەوتانەیان داوای لێبووردن لەگەلی کورد بکرێت. ـ دەستبەسەرکراوانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە زووترین کاتدا و بەبێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن. ـ کەشی میلیتاریستی سەر کوردستان هەڵگیرێت و سەرۆک کۆمار بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژارتنی لەسەر باروودۆخی کۆڵبەران بە جێ بهێنێت. ـ ڕێز لە ژیانی تایبەتی خەڵک بگیرێت و کارتی کۆڵبەری خەڵکانی سەر سنوور بدرێتەوە و گارانتی پاراستنی ژیانی ئەو توێژە لە خەڵکی کوردستان بکرێت.

لەکۆتایی دا هاتووە کە هیوادارن ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنی و ئاشتیخوازانەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتایی هێنان بە تووندوتیژی و کوشتنی کاسپکارانی کورد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــان