بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛ ئەمڕۆ سێشەممە ۲۱ خەرمانان ۱۳۹٦ هەتاوی گەنجێکی ۲۷ ساڵان کورد لە شوێنی گشتیدا لە سێدارە درا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ئەو بەندکراوە بە تۆمەتی کوشتنی کچێکی گەنج لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا بو .
لە ڕێکەوتی ۱۲ ی بانەمەڕ ۱۳۹٦ ، لە بەرانبەری “بانکی رفای کرێکاران” لە ناوەندی شاری گێڵانغەربدا ، دایک و کچێک لە لایەن گەنجێکەوە بە چەکیگەرم هێرش دەکرێتە سەریان کە بە هۆی بەرکەوتنی گوللە ئەو کچە گەنجە گیانی لە دەستدەدات و دایکی کچە کە بە گرانی بریندار دەکەوێت ، ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت .
لە لێپرسینەوەی پاش ڕووداوەکەدا دەر دەکەوێت کە بکوژەکە داواکاری کچە کوژاوەکە بوە و بە هۆی ناڕەزایەتی کچە و بنەماڵەکەیەوە لە دژی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ، ناوبراو ئەوکچه دەکات بە قوربانی و گیانی دەگرێت .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە سیاسەتی لە سێداردان لە شۆێنی گشتیدا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جگە لەوی کە لە پێشگری کردن و تووش بوونی تاواندا کاریگەری نەبوە بەڵکو بوە بە هۆی پەرە پێدانی توندوتیژی لە کۆمەڵگا و هەستی مرۆڤدۆستی لاواز کردوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم کردوەیە لە دژی ڕێکەوتنامە و یاسا نێونەتەویە مافی مرۆڤیەکاندایە و لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە ئەو شێوە کردەوانە دژی بنەماکانی مرۆڤایەتیە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان