بەپێی هەوای گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاریکاری هێزە بەکرێگیراو وگرێدراوەکانی خۆیان لەناوچەکە ، هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لەکۆڵبەران وکۆمەڵێکیان لێ دەسبەسەر کردن.
خەڵکی مەهاباد بەتەما بوون کاتژمێر ۵ی دوانیوەڕۆی یەکشەممە ۱۹ی خەرمانانی ۱۳۹۶ بۆپشتیوانی لەکۆڵبەران وکاسبکارانی کورد ومەحکووم کردنی کوشتنی ئەوان، گردبوونەوەیەک کەلەسەر داوای چالاکان وڕێخراوەگەلی کەلتووری ومەدەنی ئەم شارە هاتبوویە ئاراوە بەڕێوە ببەن بەڵام لەگەڵ هێرشی ئەوهێزانەی حکوومەت ڕووبەڕوو بوونەوە وئەم گردبوونەوە مەدەنییەیش هاوشێوەی دیکەی شارەکان کێشای بەتوندوتیژیدا وڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باس لە دەسبەسەری لانیکەم ۵کەس دەکەن.
جێگەی باسە باسە کەلەنێو ئەو کەسانەی دەسبەسەر کراون چالاکێکی مەدەنی ژن بەناونیشانی “کوبرا خاڵندی” بەرچاو دەکەوێوبەکوتەی سەرچاوە هەرێمیەکان هاوڵاتیانی دەسبەسەر کراو گوازاونەتەوە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان.
جێی بیرهێنانەوەیە کەبەهۆی کوشتنی دوو کۆڵبەر لەشاری بانە خەڵکی شارەکانی کوردستان لەچالاکانی مەدەنییەوە بگرە تا سیاسی وپارێزەر وچالاکانی مافی مرۆڤی لەناڕەزایی دژبە هەڵسوکەوتی نامرۆیانە ونایاسایی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گردبوونەوەی بێ توندوتیژیان بەڕێوەبرد بەڵام بەوشێوەی کە دەیبینینئەم گردبوونەوانە لەلایەن ئەم هێزانەوە هێرش وتوندوتیژیان بەرانبەر کرا وهەرلەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک لەشارۆمەندان دەسبەسەر کران کەلەدۆخ وچارەنووسی ئەوان زانیارییە لەبەر دەستدا نییە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان