بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وهەروەها بەکوتەی عەلیڕەزا ڕەحیمی نوێنەری پەڕلەمانی ئیسلامی ئێران، ڕێژەی ۹/۵ ملوێن کەس لەحەشیمەتی ئێران نەخوێندەوارن کە ۳/۵ ملوێن لەوانە نەخوێندەواری تەواون کەبەپێی سەرژمێرییە جیهانییەکان ((یونسکۆ) ڕێژەی ۱۳٪ لەحەشیمەتی گشتی ئێران لەدۆخی نەخوێندەواریدان.
بەگوێرەی هەواڵەکە، فاکتۆرگەلێکی بەرچاوی وەکوو نەبوونی ئەمنییەتی پیشە بۆ دایک وباوک،بێکاری وهەژاری خەڵک لەکۆمەڵگای ئێران وبەتایبەت لەشار وگوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،لەسەرەکی ترین هۆکارگەلێکن کەوا لەقوتابیان دەکات لەڕووی ناچارییەوە دەست لەخوێندن هەڵبگرن.
جێگەی باسە کەلەزۆرینەی ناوچەکان منداڵان بەیارمەتی دەری بژێوی بنەماڵەکان دێنە هەژمار وئەوان بەهۆی یارمەتی دانی بنەماڵە لەکاروئیشدا دەرفەتی چوونیان بۆقوتابخانە لەدەست دەدەن.
ئەم مژارە لەخۆیدا هۆکاری خەسارگەلی تاکی وکۆمەڵگایی وەکوو نەبوونی ئەمنییەتی منداڵان، دەسدرێژی،هەڵگرتنی کردەوەی دژە ئەخلاقی ونەخۆشی دەروونی وکەسایەتییە.
کەڵکەڵەی ئابووری ودابین کردنی تێچووی خوێندن لەلایەن بنەماڵەکانەوە و لێوەرگرتنی ناونووسی منداڵان لەقوتابخانەکان ،یەکێکی تر لەهۆکارە جیددییەکانە بەچەشنێکە ” ڕزوان حەکیم زادە” جێگری پەروەردەی سەرەتایی ڕایگەیاند کەلەساڵی خوێندنی نوێدا ٤۰۰۰قوتابی قۆناغی سەرەتایی بەهۆی کێشەی ئابووری لەخوێندن بێبەری کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی ٤٪بۆ۵٪ کچان لەشارەکان وگوندەکانی ناوچە سنوورییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخوێندن بێبەری کراون.
نەبوونی قوتابخانە لەنێزیک شوێنی ژیان، نەبوون وکەمی کەرەستە وپێداویستی خوێندن،هۆکارگەلی کەلتووری ودەمارگرژی ویان بەشوودانی پێشوەخت ،قوتابیانی کچ هاندەدات کەدەست لەخوێندن هەڵبگرن.
بەگوێرەی ئەو سەرژمێریانەی بڵاو بوونەتەوە لەساڵەکانی ۹۴ــ ۹۵ ڕێژەی ۱۲۸۵ کەس لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان لەخوێندن هەڵگرتووە.
ڕێژەی ۱۰۰۰ کەس لەقۆناغی دواناوەندی وئەوانیتر لەقۆناغی سەرەتایی لەخوێندن بێبەری کراون.
لەشاری سنە ڕێژەی ۱۹کچ و۱٤ کوڕ ولەگوندەکانی دەورووبەری سنە ڕێژەی ۱۱کچ و۸ کوڕ و بەگشتی ۵۲ قوتابی دەستیان لەخوێندن هەڵگرتووە.
هەروەها ڕێژەی ٤۰ قوتابی کچ لەشاری بیجاڕ بەهۆی هەژاری وکەمبوونی پێداویستی خەریکن دەست لە خوێندن هەڵدەگرن.
جێی تێڕامانە کەبە بەهێزکردنی ژێزخانە یاساییەکانی وەکوو زۆرەملەکردنی خوێندن بۆهەموو منداڵان وسڕینەوەی بەربەستە کەلتوورییەکان لەڕێی وریاکردنەوە و کەلتووری سازی لەەمبەر خوێندنی کچان وکوڕانی بەجێماو لەخوێندن،دەکرێ نەخوێندەواری بنەبڕ بکرێت ولەم ڕێیەوە ڕێگە لەقەیرانی بوونی دۆخی دەستهەڵگرتنی منداڵان لەخوێندن بگری.
کۆمەڵەی مافى مرۆڤی کوردستـــــــــان