مەرگ و نەخۆشی کۆڵبەران، داهاتێکە بۆ دەسەڵات

 بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پێی وتووێژی “ڕەسوڵ خزری” نوێنەری پیرانشار لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە مەڕ کۆڵبەران: داهاتی کار و ئیشی کۆڵبەران بۆ دەسەڵات بڕە پارەیەکی ۷۰۰ بۆ ۸۰۰ میلیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە ڕۆژدا دەبێت کە ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ باجی ئەو کەلوپەلەی لە ڕێگای کۆڵبەرانەوە هاوردە دەکرێت.
ئەو بڕە پارەیە نەک لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەڵکوو خاوەنی باری کۆڵبەران ئەو باجە دەدەن و کۆڵبەران تەنها کرێکارییەکی پڕ مەترسی لە ئەستۆیانە . نوێنەری پیرانشار گوتویەتی : ٤۰٪ لەو داهاتە لە ڕێگای کۆڵبەرانەوە دەکەوێتە دەستی دەوڵەت، لە شارە سنوورییەکاندا و ٦۰٪ ی دیکەش لە تاران و ناوەندی پارێزگاکاندا خەرج دەکرێت . پرسیار ئەوەیە کە ئەو ٤۰٪ لە شارە سنووریەکان و ناوەندی پارێزگان خەرج دەکرێت یا خۆ نا؟ کە دەتوانین وڵامی ئەم پرسیارە لە دۆخی نالەباری ئابووری شارە سنوورییەکاندا بدۆزینەوە .
کۆڵبەران کە ۱٥۰ بۆ ۲۰۰ کیلوبار هەڵدەگرن و لە ژێر مەترسی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللە و مەرگدا بە ڕێگاگەلی دژوواردا تێدەپەڕێن و حەوتانە ڕووبەڕووی کوشتن و بریندار بوون دەبنەوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە تەقینەوەی مین و ڕووداوگەلێکی سرووشتی بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا کۆڵبەران پتر لە هەر کاتێک دەخاتە دژواریەوە و لە باشترین دۆخدا بە پارەیەکی کەم و تووش بوون بە نەخۆشیگەلی جەستەیی دەبن بە قوربانی قاچاخچیان .
ئەم کرێکارانە کە بۆ قاچاخچیانی گەورە کار دەکەن و ئەو قاچاخچیانە لە لایەن دەوڵەتەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕێزی مرۆڤی کۆڵبەران لە ژێر پێ دەنێن و بە پارەیەکی کەم بارێکی ۸۰ تا ۲۰۰ کیلویی هەڵدەگرن کە ئەمە دەبێتە هۆی نەخۆشیگەلی بڕبڕەی پشت، فەلەج بوون و…. کە لە بواری پزشکییەوە ئەم نەخۆشیگەلە چارەسەر نابن .
ئەگەر دەوڵەت وەک بەڕێوەبەر و بەرپرسی چارەسەری کێشەی خەڵک لەم کێشەیە نزیک بوایەتەوە و زانیاری بە خەڵک بدایەت کە لە ئەگەری هەڵگرتنی بارێکی ۱٥ کیلویدا تووشی نەخۆشیگەلی دژووار و بێ‌درمان دەبن و بە هەمان شێوە ئاڵترناتیڤی بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە سنووریەکان بە تەرخانکردنی بوودجەی پێویست و داهێنانی پێشە و کار پێشکەشی خەڵک بکردایەت، بێ گۆمان خەڵک بە هەبوونی ئیش وکار دەستیان بە کۆڵبەری نەدەکرد و هەر ئەمڕۆیش لە ئەگەری ڕەخساندن کار بۆ هەر کۆڵبەرێک حازر دەبێت دەست لە کۆڵبەری بکێشێتەوە .
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە یاساکانی کاروپیشە دەڵێت: دەبێت بۆ کار و ئیشی گران و هەڵگرتنی شتگەلی گران پێویستە لە کەرەستەگەلی تایبەت بۆ ئەو کارە کەڵک وەربگیرێت .
ئەمە لە کاتێکدایە کە ٦۸۰۰۰ مرۆڤ لە ڕووی ناچاریەوە لە دۆخێکی نالەبار و مەترسیداردان و بە کۆڵبەری لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیان تێپەڕدەکەن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــــــان